گەشتیاران بۆ كڕینی پشیلە دەچنە وان
"بۆ فرۆشتن مەرجمان ھەیە"
K24 - ھەولێر
زۆر لە گەشتیاران كە سەردانی توركیا و باكووری كوردستان دەكەن و شارەزان لە بەخێوكردنی پشیلە و ئارەزوویانە سەردانی شاری وان دەكەن، بۆ ئەوەی پشیلەی وان بكڕن.
تا دێت ماڵی پشیلەی وان قەرەباڵغتر دەبێت، گرنگی لەوەدایە زۆربەی ئەو خەڵكە لە دورەوە ھاتوونە و بەشێكی زۆریشیان بۆ كڕینی پشیلە تایبەتەكانی وان ھاتوون.
ئەو گەشتیارانەی سەردانی وان دەكەن سەرەتا دەچنە نێو پشیلەكان و ھەندێك خواردنیان دەدەنێ و لە باوەشیان دەگرن و كەمێك یاریان لەگەڵدا دەكەن تاوەكوو دڵنیا بن لەچۆنیەتی بەخێوكردنیان، پاشان بڕیار لەسەر كڕینیان دەدەن.
ھەندێك لەگەشتیاران لەشوێنی زۆر دوور زۆریشیان تایبەت بۆ پشیلەكان ھاتوون، بۆ ئەوەی پشیلەیەكی وان بكڕن و لەگەڵ خۆیانی بیبەنەوە.
پرۆفیسۆرعەبدوڵڵا قایە، سەرپەرشتیاری ماڵی پشیلەكانی وان سەبارەت بە ھەندێك تایبەتمەندی پشیلەكان و پڕۆسەی فرۆشتن گوتی: "گشت ئاژەڵەكانمان لای خۆمان تۆمار كردووە، ئەڵبەتە بە زانیاریەكانیانەوە بۆ بەشی ژمێریاریش باشە، دەزانێ چیمان ھەیە، ئەو ساڵ یەكەم بەچكەمان فرۆشت و لە ئەمڕۆوە بەچكە فرۆشتن دەستی پێكردووە، ئەڵبەتە بۆ فرۆشتنیش مەرجمان ھەیە، دەبێ كڕیار بتوانێ ھەلومەرجێكی گونجا بۆ پشیلەكە دابین بكا، نابێ بیكڕێت و پاش چەند ڕۆژێك بەڕەلای بكا بەمە توڕە دەبین، ئێمە حەز دەكەین بچنە نێو خێزانێك تاوەكوو بە بەردەوامی لەخۆشەویستیدا بژین".
پشیلەی وان بە بەراورد بە ھەندێك شوێن جیاوازە نرخی ھەر پشیلەیەك لە 300 تا 600 لیرەی توركیە، پشیلەكانی وان ساڵانە لە 5 كاتی جیاوازدا زاوزێ دەكەن، گرگنترین تایبەتمەندی ئەو پشیلانەش رەنگە سپی و چاوە دوڕەنگیەكەیەتی كە یەكێكیان زەرد و ئەوەی دیكەشیان سەوز یان شینە.