سەلیم جبووریی: مافی گەلی كورد دەپارێزین
"فراكسیۆنە كوردییەكان رۆڵ بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشەكان"
K24 - سلێمانی
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نابێ كەس لە پەرلەمانی عێراق پەراوێز بخرێت، مافی گەلی كورد دەپارێزین.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو سەلیم جبووریی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ھەر یەك لە ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بەشداربوون، سەلیم جبووری رایگەیاند: "نابێ كەس لە پەرلەمانی عێراق پەراوێز بخرێت و مافی گەلی كورد دەپارێزین".
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جبووریی، لەبارەی كێشەكانی عێراق گوتی: "پێویستە بگەین بە چارەسەرێكی دروست بۆ كێشەكانی ئێستای عێراق، ھیوادارم فراكسیۆنە كوردییەكان رۆڵ بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشەكان".
بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد لەبارەی كێشەكانی عێراق و دەسبەكاربوونەوەی پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو سەلیم جبووریی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانی گەیشتە ھەرێمی كوردستان بڕیارە لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا پرسی گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد و پاراستنی مافەكانی كورد لە بەغدا تاوتوێ بكەن.