پێنج زمان دەخرێنە نێو سیستەمی خوێندنی ئێران و كوردی تێدا نییه

K24 - ههولێر:
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پەروەردەی ئێران رایگهیاند، جگە لە زمانی ئینگلیزی، پێنج زمانی بیانی دەخرێنە نێو وانەکانی خوێندنەوە.
ئەحمەد عابدینی، گوتی: "زمانهكانی ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی، ئیسپانی و رووسی دەخرێنە نێو پرۆرگرامی خوێندنی ئێرانەوە".
عابدینی، بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاند، به گوێرهی پەسندکراوێکی ئەنجومەنی باڵای پەروەردە، پێویستە پۆلی فێربوونی هەر زمانێك لە پازدە قوتابی کەمتر نەبێت.
ئەم بەرپرسەی پەروەردەی ئێران، گوتیشی: "تا ئێستا هیچ رێنماییەك بۆ خوێندنی زمانە بییانیەکان لە قۆناخی سەرەتاییدا پەسند نەکراوە و پێمانوایە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی بۆ فێرکردنی زمانی بیانی شیاوترین قۆناخن".
خوێندنی ئەم پێنج زمانە کاتێك دەخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە کە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەفتەی رابردوو بە توندی رەخنەی لە خوێندی زمانی ئینگلیزی گرت.
زیادكردنی ئهو پێنج زمانه بیانییه لهكاتێكدایه، كه هێشتا كوردانی رۆژههڵاتی كوردستان، بۆیان نییه به زمانی دایكیان بخوێنن.