ئێران ههڕهشهى تۆڵهكردنهوه دهكات
سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامى ئێران رايگهياند، تۆڵەیەكی تووند لەو تیرۆریستانە دەكەینەوە، كە لە خان توومانی سوریا چەندین ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كوشت.
K24 – ههولێر:
سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامى ئێران رايگهياند، تۆڵەیەكی تووند لەو تیرۆریستانە دەكەینەوە، كە لە خان توومانی سوریا چەندین ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كوشت.
موحسین رەزایی، سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامى ئێران كە فەرماندەیەكی پلە باڵای سوپای پاسدارانیشە لەپەیجی ئینستگرامی خۆیدا نووسیویەتی: تەكفیرییەكان ئاگربەستیان پێشێلكردووە و لە خان توومانی نزیك حەلەب چەندین سەربازی ئێرانی و سوریان كوشتووە.
رەزایی گوتيشى: شەڕەكە لە سوریا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە و تۆڵەیەكی تووندیان لێ دەكەینەوە.
رۆژى 7ى ئايار/ مايۆى 2016، لە پێکدادانەکانی شارۆچکەی خان تومان لە پارێزگای حەلەبی سووریا 13 پاسدارى ئێرانى کوژران و 21 پاسدارى ديكه بریندار بوون.
حوسێن عەلی رەزایی، گوتەبێژی سوپای کەربەلای سەر بە سوپای پاسدارانی پارێزگای مازەندەرانی ئێران بە ئاژانسی فارسی راگەیاندووە، لە شەڕ و پێکدادانەکانی پارێزگای حەلەبدا 13 پاسدار كوژراوون و 21 پاسدارى ديكه بريندار بوون.
بە گوتەی رەزایی ناوی کوژراوەکان و کاتی بە خاک سپاردنیان دواتر بڵاو دەکرێتەوە.
دەگوترێ لە شەڕی خان توماندا لانی کەم 70 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامانی لەشکری فاتمييهكان بوون کە لەشکرێکی سەر بە سوپای پاسدارانەوە و لە چەکدارانی ئەفغانی پێکهاتووە.