وهزیری پلاندانان: سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی داھاتەکانین
سبهی شاندێكی حكومهت دهچێته بهغدا
K24 – ھەولێر:
سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سهردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ وەزارەتهكانی دارایی، نەوت و چەند لایەنێکی دیکەی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان له پڕۆژهیاسای بودجهی 2021ـدا تاوتوێ دەکەن.
لهوبارهیهوه وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە ئەگەری رێکنەکەوتن و پەشیمانبوونەوەی بەغدا لەو رێکەوتنانەی کراون، ھەرێمی کوردستان ھەوڵدەدات پشت بە خۆی ببەستێت و ئەو بڕیارەشمان داوە و ناکرێت ئێمە ھەر چاوەڕوانی ئەو بڕە پارەییەی بەغدا بین. دووپاتیشی كردهوه، ئێستا سەرقاڵی رێکخستنەوەی داھاتەکانی ناوخۆیین، بۆ ئەوەی ھیچ نەبێت مووچەی موچەخۆران دابین بکەین.
هاوكات دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: حکومەت لەو پلانەی بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات دایناوە، سەرکەوتوو بووە و بەردەوام دەبین، لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغداش، دواجار ھەر دەبێت ئێمە لەسەر پێی خۆمان بوەستین و پشت بەخۆمان ببەستین.
گوتیشی: ئەمە پلانی کابینەی نۆیەمە و لە نزیکترین کاتدا ھەمووان ئەنجامەکەی دەبینن.
چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئەو بەرپرسانەی عێراق بەڕێوەدەبەن ناکرێ پشت بە قسەیان ببەسترێت و گوێ لە بەڵێنەکانیان بگیرێت؛ چونکە ھەرێمی کوردستان رابردوویەکی تاڵی لەگەڵیان ھەبووه، بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنیش بێت لە پێناو شەقامی عێراقى پابەند نابن بەو رێکەوتنانەی دەیکەن، لەوبڕوايەشدان، حکومەتی ھەرێم باشترین بڕیار دەدات، ئەگەر سەرچاوەکانی داھات رێکبخاتەوە و پشت بە عێراق نەبەستێت.
ماوەی 15 رۆژە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان دەستی بە زنجیرەیەك کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، تاوەکو بەگوتەی خۆیان، خواستنی هەمووان بە یەکسانی لەنێو پڕۆژە بودجەی عێراقدا جێبکەنەوە. بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن، پڕۆژە بودجەی عێراق کە بە 164 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لە 120 تاوەکو 130 تریلیۆن زیاتر نەبێت. لەم حاڵەتەشدا، پشکی هەرێمی کوردستان کەمدەبێتەوە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەيەوێت رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عيراق کۆتایی پێبێنت و بەشێوازێك بێت، داخوازییەکانی هەردوولای تێدا جێگیر بکرێت.