حكومەت دەیەوێت كۆچی گوندنشینان بۆ شار رابگرێت

كار لەسەر پلانێك بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ لە گوند و شارۆچكەكان دەكرێت

پلانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتووكاڵ
پلانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتووكاڵ

K24 – ھەولێر:

وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم لەگەڵ وەزاەرتی پلاندان سەرقاڵ ئامادەکردنی پلانێکن بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لە گوندەکان و شارۆچکە بچووکەکان پەرەی پێبدرێت.

بە پێی ئامارێکی وەزاره‌تی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش تەنھا %20 ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم گوندنشینن.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە بەردەست وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دایە تەنھا %20 دانیشتوانی ھەرێمی كوردستان گوند نشینن و  لە %80ی شارنشینن. ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کەمبوونەوەی بەرھەمی جۆراوجۆری ناوخۆ؛ چونکە گوندەکان سەرچاوەی كشتوکاڵ و ئاژاڵدارین. 

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتی: سەرقاڵی دانانی پلانێكیین بۆ ئەوەی  پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی بگەڕێنینەوە گوند و شارەدێ و شارۆچكەكان. ھەروەھا لە پێناو ڕاگرتنی ئەو کۆچەی لە گوندەوە بەرەو شارەکان ھەیە.

وەزارتی كشتوکاڵ پێیان وایە ئەگەر ئەو %20ی لە گوندەکان نیشتەجێن ھەموویان خەریکی کشتوکاڵ بن، بەشی زیاتر لە خۆبژێوی ناوخۆیی بەرھەممان دەبێت، بەڵام ئێستا کێشەکە ئەوەیە کەمتر خەڵک خەریکی كشتوکاڵە. 

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزاەتی کشتوکاڵ گوتی: لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی پلانێکین بۆ گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ.

دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بلاوکردووەتەوە بۆ ساڵی 2020، كە ژمارەی دانیشوانی ھەرێمی کوردستان  6 ملیۆن و 171 ھەزار و 83 كەسە و لەو ژمارەیەش 5 ملیۆن و 22 ھەزارکەس لە دانیشتوانی ھەرێمی كوردستان لە شارۆچكە و شارەكان دەژین و تەنھا ملیۆنێک و 48 ھەزار کەس لە گوندەکان دەژین. ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ و پلاندانان و دەستەی وەبەرھێنان و پیشەسازی و گەشتوگوزار سەرقاڵی پلانێکن تا پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار ببەنەوە گوند و شارۆچکە بچوکەکان بە ئامانجی گرنگیدانی زیاتر بە كشتوكاڵ و زیاتركردنی بەرھەمی ناوخۆ.