ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری: گریمانه‌ی هه‌وڵێك بۆ شكستپێهێنانی ئیداره‌كه‌مان له ئارادایه
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، رایگه‌یاند، به دوور نازانرێت توركیا ده‌ستدرێژییه‌كی دیكه بكاته سه‌ر ناوچه‌كه و هه‌ر جۆره هێرشێكی توركیا مانای راگه‌یاندنی شه‌ڕێكی بێ كۆتایه له ناوچه‌كه.
K24 – هه‌ولێر:
ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، رایگه‌یاند، به دوور نازانرێت توركیا ده‌ستدرێژییه‌كی دیكه بكاته سه‌ر ناوچه‌كه و هه‌ر جۆره هێرشێكی توركیا مانای راگه‌یاندنی شه‌ڕێكی بێ كۆتایه له ناوچه‌كه.
هاوسه‌رۆكی نووسینگه‌ی كاروباری به‌رگری له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، "زێدان عاسی" له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ده‌نگۆی ئاماده‌كاری توركیا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی "دێرك" له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا و قه‌زای "شنگال" له باشووری كوردستان له ئارادایه.
"زێدان عاسی" گوتیشی: توركیا له هێرشكردن بۆ سه‌ر سووریا ناوه‌ستێت و دوای راگه‌یاندنی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا هێرشه‌كانی زیاتر كردووه.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وان هێرشی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه به دوور نازانن. هه‌ر هێرشێكی توركی مانای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕێكی نوێی بێ كۆتایه. ئه‌نجامه‌كه‌شی كاره‌ساتبار ده‌بێت بۆ سه‌ر سووریا و ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتیی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكاته سه‌ر "دێرك" ئه‌وا؛ ئاگری شه‌ڕه‌كه له‌و ناوچه‌یه ناگیرسێته‌وه و ته‌واوی سنووره‌كان ده‌گرێته‌وه و ده‌گاته عه‌فرینیش.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، هێرشكردنه سه‌ر دێرك، ده‌بێت به ره‌زامه‌ندی عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش بێت، به بێ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له لایه‌ن عێراقه‌وه، توركیا ناتوانێت هه‌ڵبكوتێته سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه و بنكه‌ی هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش له‌و ناوچه‌یه هه‌یه.
"عاسی"، داوای له رووسیا و حكومه‌تی دیمه‌شق كرد رۆڵیان هه‌بێت و به‌رپرسیارێتی له ئاست هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی نوێی توركیا له‌به‌رچاو بگرن.
هاوسه‌رۆكی نووسینگه‌ی كاروباری به‌رگری له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، "زێدان عاسی"، پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی سووریا ده‌یه‌وێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات جوگرافیای سووریا بپارێزێت، پێویسته رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسیانه ببێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی سووریا، رووسیا و توركیا هه‌بێت بۆ شكستپێهێنانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكووری سووریا، ئه‌وا ئه‌نجامی نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆی ره‌وشی سووریا ده‌بێت و خزمه‌تی جوگرافیای سووریا ناكات.
جه‌ختیكرده‌وه، هێزه سه‌ربازییه‌كان له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراوی توركیان.
سه‌رچاوه: هاوار
ئ.ر