وەزیری دارایی عێراق: مانگانە پابەندین بە دابینکردنی 7.7 تریلیۆن دینار بۆ مووچە
وەزیری دارایی عێراق جەختیکردەوە، وەزارەتەکەی پابەندە بە خەرجکردنی 7.7 تریلیۆن دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران، هاوکات ئاشکرایکرد، پشکی داهاتە نانەوتییەکان لە بودجەی نوێدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە وتارێکیدا لە بەردەم پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، رێژەی داهاتە نانەوتییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی داهاتوودا بۆ 19% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە بودجەی پێشوودا تەنیا 11% بوو. هاوکات دووپاتیکردەوە، وەزارەتی دارایی بە تەواوی پابەندە بە پێدانی مووچە، بڕەکەی مانگانە دەگاتە 7.7 تریلیۆن دینار.
وەزیری دارایی رایگەیاند، حکوومەت بۆ بووژانەوەی ئابووری دەستی بە زنجیرەیەک رێکار کردووە، لەوانەش تەرخانکردنی بڕی یەک تریلیۆن دینار لە بانکی ناوەندییەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبوون. ئەوەشی خستە روو سەرجەم شایستە داراییەکانی تایبەت بە پڕۆژە جێبەجێکراوەکانی کەرتی ئاوەڕۆ خەرجکراون.