بهغدا مهرج و داواكارییهكانی زیاتر دهكات
داوای رادهستكردنی 250 ههزار بهرمیل نهوت به نرخی سۆمۆ دهكرێت
K24 – ھەولێر:
كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە ھیچ بیانوویەكی بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی عێراق رۆژ بە دوای رۆژ مەرجی نوێ دەخەنەڕوو. بەپێی زانیاراییەكان نوێترین مەرجی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە، كە دەبێت ھەرێمی كوردستان داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بەو نرخەی، كە سۆمۆ دەیفرۆشێت رادەستی بەغدا بكات.
ئاشكرایە بەھۆی ئەوەی ھەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە، ناچارە نرخی نەوت بە كەمتر لە بازاڕەكانی جیھان بفرۆشێت، بۆیە لە كاتی رادەستكردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناچارە بڕێكی زۆر پارە بخاتە سەر داھاتەكە بۆ ئەوەی رێژەكە تەواو بكات، ئەمەش گرفتێكە ھەتا ئێستا ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.
چەند رۆژێكە شاندی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆدایە، بۆ مسۆگەركردنی بەشە بودجەی ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەدا، گفتوگۆكانیش لەسەر ئەو پرسە بەردەوام دەبێت و كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام دەدەن.