ههماههنگییه ئهمنییهكانی ههولێر و بهغدا بە كوێ گەیشتووە؟
كێشهكه له بارهی پێكهێنانی ژووری ئۆپهراسیۆنی كهركووكه
K24 – ھەولێر:
بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حكومەتى عێراق، بڕیار بوو چەند ژوورێکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەمەبەستی پاراستننی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێک بھێندرێت؛ بەڵام تا ئێستا شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کە بڕیار بوو بۆ گفتوگۆکردن سەردانی ھەولێر بکەن، لەبارەى پێکهينانى ئەو ژووره ھاوبەشانه بێ ھیچ ھۆکارێک کۆبوونەوەکانیان ڕاگرتووە.
عهقید ھەژار عومهر، بەڕێوبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "گفتوگۆ کراوە، كە لەکۆبوونەوەی ئەم جارەدا بڕیار لەسەر (4) ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بدرێت، ھاوشێوەی ئەوەی ھەولێر و بەغدا؛ بەڵام بێ ھیچ ھۆکارێک لیژنە باڵاکەی بەغدا کۆبوونەوەکانیان ڕاگرتووە و ناشزانرێت کەی دەست بە گفتوگۆكان دەکرێتەوە".
ئەو بۆشاییە ئەمنییەى لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 درووست بووه، داعشی زیندووکردووەتەوە و بووەتە مەترسی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەت کەرکووک.
نادر ھەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "مەترسی داعش جدییە و پێویستە ھێزە عێراقییەکان پەلە بکەن لە ڕێكکەوتن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە، ئەگەر نا؛ رووبەڕووی بارودۆخێک دەبینەوە، کە کەسمان خۆزگەی پێ ناخوازین".
ماوەی دوو ساڵە، (2) لیژنەی باڵای ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراقدا، بۆ ڕێکەوتنی ئەمنی و ھەماھەنگی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرهوەی ھەرێمی کوردستان درووستکراون، بەڵام لیژنە باڵاکەی عێراق بێ ھیچ بیانوویەک ناچێتە ژێر باری ھیچ ڕێکەوتنێک. لەدوای درووستکردنی ژوورە ھاوبەشەکانی ھەولێر و بەغداش بێ ھیچ هۆيەك گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی پەکخستووە.
بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی کراوە، بڕیارە (4) ژووری ھاوبەش لهو شوێنانه درووست بکرێن: مەخمور، خانەقین، تکریت و کەرکوک؛ بەڵام تا ئێستا وەزاەرتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەسەر ژووری ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک ڕێکنەکەوتوون. ھەر یەک لەم ژوورانەش 16 ئەفسەری تێدایە، كه 8 ئەفسەری ھەرێمی کوردستان و 8 ئەفسەری عێراقه. جگە لەوەش گفتوگۆ لەسەر ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش و ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەشیش کراوە؛ بەڵام ھەموو ئەمانە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە.