ئەنتۆنی بلینکن بووه وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا

بلینكن به‌ 78 ده‌نگی "به‌ڵێ" له‌ بەرامبەر 22 ده‌نگی "نه‌خێر" سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ستهێنا
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا

K24 – واشنتن- ئه‌مه‌ریكا:

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، رێكه‌وتی 26ی كانوونی دووەم، ئه‌نجوومه‌نی پیران، ئەنتۆنی بلینکن، كاندیدی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا جۆ بایدن، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكای پەسەند کرد.

دوێنێ دووشه‌ممه‌، كۆمیته‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران،  به‌ 15 ده‌نگی "به‌ڵێ" له‌ به‌رامبه‌ر 3 ده‌نگی "نه‌خێر"دا، كاندیدی "بلینكن"ی بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ په‌سه‌ند كردبوو. ته‌د كروز، ره‌ند پاوڵ و جۆن باراسۆ ئه‌و سێ سیناتۆره‌ بوون، كه‌ ده‌نگییان بە "نەخێر"دا به‌ كاندیده‌كه‌ی جۆ باید‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وە.

له‌ ده‌نگدانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا، بلینكن به‌ 78 ده‌نگی "به‌ڵێ" له‌ بەرامبەر 22 ده‌نگی "نه‌خێر" سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ستهێنا و وه‌كو  71ە‌مین وه‌زیری ده‌ره‌وی ئه‌مەریكا‌ به‌ فه‌رمیی ده‌ستبه‌كار بوو.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جۆ بایده‌ن، وه‌كو راوێژكاری ناوبراو كاری كردووه‌ له‌و كاته‌ی‌ بایدن سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران بووه‌. هه‌روه‌ها له ساڵی‌ 2009، کاتێک جۆ بایدن بوو بە جێگری باراك ئۆباما، ئه‌نتۆنی پـۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆکی ئه‌و كاتی ئه‌مەریكا واته‌ جۆ باید‌نی وەرگرت. دواتر له‌ ساڵی 2014 بلینكن ئه‌ركی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی گرتە ‌ئه‌ستۆ كه‌ له‌و كاته‌دا جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بوو.

ئانتۆنی بلینكن، ته‌مه‌نی 58 ساڵه ‌و له‌ زانکۆی هارڤارد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێناوە. بلینكن شه‌شه‌مین كاندیدی جۆ باید‌نه،‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌وه‌ متمانه‌ی پێده‌به‌خشرێت.