چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە عەفرین 21 ھاووڵاتییان رفاند
گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بە بیانووی جیاواز خەڵكی سڤیل دەستگیر دەكەن و دەیانڕفێنن و وەك بارمتە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن
K24 – ھەولێر:
گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بە بیانووی جیاواز خەڵكی سڤیل دەستگیر دەكەن و دەیانڕفێنن و وەك بارمتە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن و ئازادیان ناكەن، تا كەسوكاری بارمتەكان پارە لە بەرامبەر ئازادكردنیان نەدەن، لەم چواچێوەیەدا لە چەند رۆژی رابردوو 21 ھاووڵاتییان لە عەفرین رفاند و ئەو كەسانە دەرفێندرێن دووچاری ئەشكنجە و رەفتاری دڕندانە دەبنەوە.
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە عەفرین بڵاویكردەوە، چەكدارانی گرووپی سلێمان شا (عەمشات)، لە دوێنێوە گوندی "كاخرێ"ی سەر بە ناوچەی "مابەتا"یان ئابلوقە داوە، بە بیانووی ئەوەی ئۆتۆمبێلی چەكدارێكی ئەو گرووپە سووتێنراوە، 16 ھاووڵاتی كوردیان رفاند و ئەشكەنجەیان دەدەن.
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوەكە، لەبەر ئەوەی رەوشی تەندرووستی دوو كەسیان لە ئەنجامی ئەشكەنجەدانیان زۆر خراپ بووە، چەكدارەكانی ئەو گرووپە فڕێیانداوەتە بەردەرگای ماڵەكانیان و 14 كەسەكەی دیكەش، ھێشتا چارەنووسیان نادیارە.
رێكخراوەكە ناوی تەواوی ئەو كەسانەی رفێندراون، بڵاو كردووەتەوە.
لە گوندی كەفەر زیتێ لە ناوچەی جندرێسێ، گرووپی ئەلحەمزات رۆژی 20 ئەم مانگە، كەسێكیان بەناوی "عەبدولحەی حەسەن" رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.
ھەمان گرووپ، لە 19ی ئەم مانگە، كەسێكیان بەناوی "شوكری عوسمان" لە گوندی "مسكێ"ی سەر بە ناوچەی جندرێسێ رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ھەر چەكدارانی سەر بە گروپی ئەلحەمزات، لە 15ی ئەم مانگە، كەسێكیان بە ناوی "محەمەد عزەت محەمەد" و كوڕەكەی ئەو، كە "شێخ" ناسراوە، رفاندوویانە و چارەنووسی ئەمانەش تاكو ئێستا دیار نییە.