لە 10 رۆژدا نزیكەی 7000 زەوی كارتی دیكە لە سنووری ھەولێر تاپۆ دەكرێن
تابۆكردنی زەوییە كارتەكان بەردەوامە
K24- ھەولێر:
تاپۆكردنی زەوییە كارتەكان بەردەوامە، سەرۆكی شارەوانی ھەولێر رایگەیاند، لە ماوەی 10 رۆژی دیكەدا، نزیكەی 7 ھەزار زەوی كارتی دیكە لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر تاپۆ دەكرێن. بەمەش رێژەی ئەو زەوییانەی كارت بوون و تاپۆكراون، بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی 80 ھەزار زەوی كارت.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ساڵێك و چەند مانگێكە دەستبەكار بووە، كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان، ھەر زوو لەبەردەمیدا بوونە ئالەنگاری گەورە، بەڵام كابینەكە ھێشتا لە سەر ئەو بنەمایانە بەردەوامە كە لەسەری درووست بووە، ئەویش خزمەتی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانە. تاپۆكردنی7 ھەزار زەوی كارتی دیكەی ھاووڵاتییان لە ھەولێر، یەكێكی دیكەیە لەو ھەوڵە گرنگانە.
بڕیارەكە تەواوی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، ئەم زەوییانەش زیاتر زەوی قەرەبوون، كە بەو كەسانە دراونەتەوە كە موڵكەكانیان بەر ماستەر پلانەكانی حكومەت كەوتوون.
لوقمان وەردی، سەرۆكی لێژنەی شارەوانی و گەشت و گوزاری ھەولێر، ھەنگاوەكە بە گرنگ دەزانێت و گوتی: بڕیارەكە ئەو كێشە كۆمەڵایەتییانەش چارەسەر دەكات، كە بەھۆی ئەم زەوییانەوە درووست بوونە.
لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی ھەولێر نزیكەی 120 ھەزار زەوی كارت ھەن، بەم 7 ھەزار زەویەی لە چەند رۆژی داھاتووشدا تاپۆ دەكرێن، ژمارەی ئەو زەوییە كارتانەی تاپۆكراون، دەگاتە زیاتر لە 80 ھەزار پارچە زەوی.