پاشەكشەكردنی دەنگەكان پارتهكهی ئەردۆغان و ھاوپەیمانەكەی
زۆربەی بەشداربووانی راپرسییەكە دوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن
K24- ھەولێر:
نوێترین راپرسی لە توركیا جەختیكردووەتەوە لەسەر پاشەكشەكردنی دەنگەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و ھاوپەیمانەكەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەی لە نێو دەنگدەرانی توركیا.
زۆربەی بەشداربووانی راپرسیەكە ویستی خۆیان دەربڕیوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بەھۆی ئەو دۆخەی وڵاتەكە پێیدا تێدەپەڕێت. نیگەرانی خۆشیان ئاشكراكردووە لە شوێنەوارە نەرێنییەكانی، كە لەوانەیە وڵاتەكەیان بەخۆیەوە ببینێ لە میانی ماوەی دەسەڵاتی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، جۆ بایدن.
كۆمپانیای MAK بۆ لێكۆڵینەوە و راپرسی گوتی: لە دەرئەنجامی یەكەم راپرسی لە بارەی ھەڵبژاردنەكاندا بۆ ساڵی 2021، ئەنجامەكانی راپرسییەكە، كە لە ماوەی نێوان 14 تا 26 كانوونی دووەم ئەنجامدراوە، جەختیكردەوە، لەوەی ھاوپەیمانی گەل، كە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدات و حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی دەگرێتە خۆی، 44.1% دەنگەكانی بەدەستھێناوە، واتە بەڕێژەی 6% كەمتر لەو رێژەیەی لە ھەڵبژاردنەكانی 2018 بەدەستیان ھێنابوو.
كۆمپانیاكە گوتیشی: چونكە بڕگەی دەروازەی ھەڵبژاردنەكان، كە دەبێت ھەر حزبێك رێژەی 10% دەنگەكان بھێنێت بۆ ئەوەی بچێتە پەرلەمانەوە، ئەنجامەكانی راپرسییەكە دەریاخستووە ئەگەر ھەڵبژاردن بەیانی لە توركیا ئەنجام بدرێت، حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی و حزبی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) ناچنە پەرلەمانەوە.
هەروەھا MAK جەختیكردەوە لەوەی 2850 كەس لە 51 ویلایەت، لە نێوانیاندا 30 شاری گەورە بەشدارییان لە راپرسییەكەدا كردووە و لە راپرسینەكەدا پشت بە نموونەی رووپێوی ھەمەجۆری بەستراوە.
بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار 32.2% دەنگی دەنگدەرانیان بەدەستھێناوە. حزبی گەلی كۆماری، كە گەورەتری حزبی بەرھەڵستكارە لەو وڵاتەدا، 22.5% دەنگەكانی بەدەستھێناوە و حزبی خێر 12.3%.
ھەر بەپێی راپرسییەكە، پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) 8% دەنگەكانی بەشداربووانی راپرسییەكەیان بەدەستھێناوە و حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی 7.7% بەدەستھێناوە. حزبی دیموكراتییەت و پێشكەوتن، كە جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی و وەزیری پێشووتری ئابووری و دەرەوە، عەلی باباجان 2% دەنگی دەنگدەرانی راپرسییەكە ھێناوە و رێژەی ئەو كەسانەی دوودڵن و بڕیاری خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە 10% بوون.
كاتێك كۆمپانیای MAK لە بەشداربووانی راپرسییەكەی پرسیوە، "پێتانوایە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پێشوەختە بۆ وڵاتەكەیان پێویستە؟"، 49% لە بەشداربووان بە "بەڵی" وڵامیان داوەتەوە و 41% گوتوویانە لەو بڕوایەدا نین، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پێشوەختە كارێكی پێویست بێت. 10% لە بەشداربووان گوتیان ئەوان ھێشتا لەم بارەوە بڕیاری خۆیان نەداوە.
یەكێك لە پرسیارەكانی راپرسییەكە لەبارەی ماوەی سەرۆكایەتی بایدن بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و 46% لە بەشداربووان گوتوویانە پێشھاتی نەرێنی لە میانی ماوەی حكومڕانی بایدنەوە بۆ توركیا دێتە ئاراوە.
لەبارەی پرسیارێكەوە سەبارەت بەو ھێرشانەی دوایی بۆ سەر رۆژنامەنووسان لە ئەنقەرە، 28% لە بەشداربووان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی، لەوانەی توركیا بەرەو ململانێی ناوخۆیی ببات، "41% بە رووداوی جیاجیان دانا".