به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانی راگرتووه‌

بەغدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆیشی لە ھەرێم به‌ سیاسی كرد

به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانی راگرتووه‌
به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانی راگرتووه‌

K24- ھەولێر:

بەغدا نەك تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی راگرتووە، بەڵكو مووچەی ئەو كەسانەشی بڕیوە كە فەرمانبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستانن و بەپێی یاسا مووچەكانیان لەسەر حكومەتی عێراقە، لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە مووچەی ئەم فەرمانبەرانە لەلایەن حكومەتەكانی عێراقەوە خەرج دەكرێت.

زیاتر لە 130 رۆژە، كە دەكاتە زیاتر لە 4 مانگ، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستانی نەناردووە، كە بەگوێرەی یاسا ئەم فەرمانبەرانە مووچەكانیان لەسەر حكومەتی عێراقە و پێشتر مانگانە بۆیان دەھات.

ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان گوتی: عێراق مووچەی ئەم فەرمانبەرانەشی بە سیاسیكردووە.

ژمارەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان، نزیكەی 420 فەرمانبەر دەبێت. كۆی مووچەكانیان مانگانە دەگاتە 370 ملیۆن دینار، كە لەچاو داھاتی گشتی عێراق بڕەكە یەكجار كەمە. ئەمە لەكاتێكدایە بەغدا بەردەوام ئاوی بەنداوەكانی لە ھەرێمی كوردستانەوە پێدەگات.

ھەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكان لەگەڵ ھەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و لایەنی پەیوەندیدارەكان بەردەوامە بۆ وەرگرتنی مووچەی ئەم فەرمانبەرانە؛ بەڵام تا ئێستا ھیچ وادەیەكی دیار نییە بۆ خەرجكردنی ئەم بڕە پارەیە.