چیك هاوكاری پزیشكی ههرێمی كوردستان دهكات
ھاوکارییە پزیشكییەكانی وڵاتی چیک لە ساڵی 2021 بەردەوامی دەبێت
K24- ھەولێر:
كۆنسوڵی چیك لە ھەولێر ھاوكاری و پێداویستی پزیشكی پێشكەش بە نەخۆشخانەكانی ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆك و ھەڵەبجەی كرد، پێداویستییە پزیشكییەكانیش زیاتر تایبەتن بە نەخۆشخانەكانی منداڵانن. کونسوڵی گشتی کۆماری چیک خۆشحاڵی خۆی بەھاوكاریكردنی كەرتی تەندرووستی كوردستان دەردەبڕی و گوتی: بەردەوام دەبین لە ھاوكاری مرۆیی بۆ پێشخستنی كەرتی تەندرووستی و ئابووری ھەرێمی كوردستان.
حكومەتی چیك ماوەی چەند ساڵێكە، لە پڕۆگرامی ھەماھەنگی و گەشەپێدان لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات و لە ساڵی 2017ەوە بەردەوامە لە پێشكەشكردنی ھاوكارییە پزیشكییەكان.
میخال سڤۆبۆدا، كۆنسوڵی گشتی کۆماری چیك لە ھەولێر گوتی: شەش ھەزار تۆن ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی پێشکەشی وەزارهتی تەندروستی دەکەین، کە تایبەتە بە نەخۆشخانەکانی منداڵان لە سەر ئاستی کوردستان.
پڕۆژەی بەخشینی دارایی لەم بارودۆخەدا بۆ نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستە، چونکە کەلوپەلەکان کوالێتیان دابەزیوە و بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی سوودی لێ دەبینن.
ئەفراسیاب موسا، بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی دھۆک گوتی: ئەم کەلوپەلانە پێویستییەکی رۆژانەیە و لە زووترین کاتدا دەگەیەندرێنە نەخۆشخانەکانی زاخۆ بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی ھاووڵاتییان.
ھاوکارییە پزیشكییەكانی وڵاتی چیک لە ساڵی 2021 بەردەوامی دەبێت و گرنگی بە باشترکردنی کوالێتی تەندرووستی و چاودێری تەندرووستی منداڵان و پەروەردە و ئاسایشی خۆراکی و چاکسازی و ھەمە چەشنکردنی ئابووری دەدەن و ھاوکارییە پزیشکییەکانیش بۆ نەخۆشخانەکانی منداڵانە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و لەم قۆناغەدا ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، دھۆك و ھەڵەبجە سوود لە ھاوکارییەکان وەردەگرن.