ناتۆ و ئەفغانستان.. تا كۆتایی نیسان ھیچ كشانەوەیەك نییە
لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا ھەندێك ھەمواركردن لە بڕیاری كشانەوەدا دەكرێت
K24 – ھەولێر:
لە ھەنگاوێكدا، كە لەوانەیە، تاڵیبان توڕە بكات، كە داوای كشانەوەی ھێزەكانی بیانی لە وڵات دەكات، چوار سەرچاوە لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جەختیانكردەوە لەوەی ھێزەكانی سەربازی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان دەمێننەوە تا ماوەی رێككەوتنی ئەمەریكا لەگەڵ بزووتنەوە تەواو دەبێت، كە كۆتایی مانگی نیسانە.
یەكێك لەو چوار سەرچاوانە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەو مەرجەی ناوی ئاشكرا نەكرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند،" مەرجەكانی كشانەوە و پێداویستییەكانی ھێشتا تەواو نەبوونە. روونیشیكردەوە، لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا ھەندێك ھەمواركردن لە بڕیاری كشانەوەدا دەكرێت.
یەكێك لەو چوار بەرپرسە گوتی: "ستراتیجییەتی دەرچوون لە ئەفغانستان لە سەردەمی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن باشتر دەبێت لە پێشوو".
ئیدارەی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، رێككەوتنێكی لەگەڵ تاڵیبان لە سەرەتای ساڵی رابردوو واژووكردبوو، بەپێی رێككەوتنەكە، گشت ھێزەكانی لەمانگی ئایاری داھاتوو دەردەچن، بەرامبەر بە جێبەجێكردنی ھەندێك دڵنیاكەرەوەی ئەمنیی دەستنیشانكراو لە لایەن بزووتنەوەی تالیبانەوە.
بەڵام پێش دوو رۆژ پێنتاگۆن رایگەیاند، ئیدارەی بایدن بەزەحمەت دەبینێت بەردەوام بێت لە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان بەبێ پابەندبوونی ئەو بزووتنەوەیە بەو بەڵێنانەی لە رێككەوتنەكەی پارساڵدا ھاتوون، كە لە دەوحە واژووكرا، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە قیزوەنكردنی تیرۆر و راگرتنی ھێرشەكان دژ بە ھێزە ئەمنییەكانی ئەفغانستان. گوتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن، جۆم كێربی گوتیشی: ئیدارەی ئەمەریكا بەم ھەوڵەی پابەند دەبێت، روونیشیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ھیچ بڕیارێكی وەرنەگرتووە لەبارەی ژمارەی سەربازانی لە ئەفغانستان لە ئایندەدا.
ھەروەھا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، جەیك سۆلیڤان پێشتر لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ھاوتا ئەفغانییەكەی، حەمدوڵڵا موھیب جەختیكردبووە لەوەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەیەوێت پێداچوونەوە بەو رێككەوتنەی پێشوودا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیباندا بكات.
لەوەتەی ئیدارەی نوێ ئەمریكا جڵەوی دەسەڵاتداری گرتووەتە دەست، ھەوڵدەدات رێبازێكی لێكنزیكبوونەوەیەكی جیاواز لە بەرامبەر ژمارەیەك لە دۆسیەیەكانی بگرێتە بەر لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكی لەوانەش دۆسیەی ئەمنی ئەفغانستان و پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەوروپا و وڵاتانی دیكە.
سەرچاوە: "العربیة نیت"