دۆزینەوە گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە باكووری عێراق روفاتی 400 كەسی تێدایە
ئەمە دووەم گۆڕستانی بەكۆمەڵە لە میانی چەند مانگێكدا دەدۆزرێتەوە
K24 – ھەولێر:
سەركردایەتی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە باكووری عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە 400 روفاتی تێدایە، كە لە لایەن گرووپەكانی "داعش"ی تیرۆریست كوژراون.
لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا پۆلیسی نهینهوا گوتی: "گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە، 400 روفاتی تێدایە لەو قوربانیانەی زۆڵملێكراو لە لایەن گرووپەكانی داعشی تیرۆریستەوە گولـله باران كراوون".
گوتیشی: گۆڕستانەكە گەورەیە و لە گوندی حەمیداتی سەر بە قەزای تەلەعفەر، لە رۆژئاوای مووسڵ دۆزراوەتەوە و ئەمە دووەم گۆڕستانی بەكۆمەڵە لە میانی چەند مانگێكدا دەدۆزرێتەوە".
پێش چەند رۆژێك حكومەتی عێراق دەستی بە ھەوڵەكانی كرد بۆ لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگە لە بارەی ھەردوو چاڵی "ئەلخسفە" و "علو عەنتەر" لە نەینەوا، بەبێ ئەوەی وادەی كردنەوەی ئەو دوو گۆڕستانە بە كۆمەڵەیە و دەرخستنی روفاتی ئەو قوربانیانە دەستنیشان بكات.