بەریتانیا جەخت لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەکاتەوە
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات
K24 - هەولێر
باڵیۆزی بەریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ جەختی کردەوە لەوەی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە.
بەریتانیا یەکێکە لە وڵاتانی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە یەکێک لە ئەرکەکانی هاوکاریکردنی هێزە خۆجێییەکان بوو، لەوانەش پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا.
سەرۆك مەسعود بارزانی ئەمڕۆ (دووشەممە ١ـی شوباتی ٢٠٢١) لە سەلاحەدین پێشوازی لە ستێڤن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخ و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ. پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون: پێویستە گرفتەكان لە چوارچێوەی دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لە بەردەوامیی وڵاتەكەی كردەوە لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان.