بلینكن: لەوانەیە ئێران چەند ھەفتەیەكی مابێت بۆ ئەوەی تەواوی كەرستەكانی چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لەوانەیە ئێران چەند ھەفتەیەك دوور بێت لە بەدەستھێنانی تەواوی كەرستەی بۆمبی ئەتۆمیی، ئەگەر بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی.
K24 – ھەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، لەوانەیە ئێران چەند ھەفتەیەك دوور بێت لە بەدەستھێنانی تەواوی كەرستەی بۆمبی ئەتۆمیی، ئەگەر بەردەوام بێت لە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی.
ئەم قسانەی بلینكن دوای ئەوە دێت، خودی بلینكن داوای لە ئێران كرد بگەڕێتەوە سەر پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی پێش ئەوەی واشنتن لەم رووەوە ھەنگاو بنێت.
بلینكن جەختیكردەوە، لەوەی سیاسەتی جۆ بایدن ئەوەیە، "ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە سەر تەواوی پابەندییەكانی بە بەڵێنەكانی، بەپێی پلانی كاری گشتگیری ھاوبەش (رێككەوتنامەی ئەتۆمی)، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش ھەمان شت دەكات".
بلینكن گوتی: ئێران پابەندییەكانی لە زۆر ئاست راگرتووە و گەڕانەوەشی ماوەی دەوێت، ئەگەر بڕیاری دا ئەو كارە بكات، ھەندێك كاتی دەوێت، دواتر ماوەیەكی لە ئێمە پێویستە بۆ ھەڵسەنگاندن، كە ئایا پابەندییەكانی خۆی لەو ماوەیەدا جێبەجێدەكات".
ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2018 بە شێوەیەكی یەك لایەنە خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشاندەوە، دواتر تاران پەیتا پەیتا پابەندییەكانی خۆی بە رێككەوتنەكە دابەزاند.
لە لایەكی دیكەوە، بلینكن لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: لەوانەیە ئیدارەی نوێ لێكۆڵینەوە لەسەر سەپاندنی سزای نوێ بەسەر كوریای باكووردا بكات. لەوانەشە رێكار دژ بە رووسیاش بگریتەبەر لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوە.
سەرچاوە: "رۆیتەرز"