"چەکدارێکی داعش" لە گەڕەکی ئازادیی کەرکووک کوژرا
K24 - کەرکووک
هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کەمێک پێش ئێستا لە گەڕەکی ئازادیی کەرکووک، ''چەکدارێکی داعش''ـیان کوشت.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لەو شوێنەی "چەکدارەکەی داعش" لێی کوژرا، گوتی "ئەو چەکدارە ئەمڕۆ بە چەکی تاپڕ هێرشی کردووەتە سەر پۆلیسێکی بنکەی بایۆمەتری... کە هاتووەتە ئێرە، هێزێکی ئەمنیی زۆر بەدواوەی بوون، داوایان لێی کردووە خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەو بەهیچ شێوەیەک خۆی نەداوە بەدەستەوە و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست بوو".
لەو گەڕەکەی چەکدارەکەی لێ کوژراوە، هێزێکی ئەمنیی زۆر بڵاوەیان پێکراوە. هێزە ئەمنییەکان دەڵێن کوژراوەکە چەکداری داعش بووە، بەڵام کەسێک کە دانیشتووی گەڕەکی ئازادییە و قسەی بۆ کوردستان24 کرد، گوتی "ئەو کەسە تەنیا سەرلێشێواوێک بوو، دراوسێمانە، کوردە و داعش نییە".
هێزە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن ئەو گەنجە لە بیستەکانی تەمەنیدایە، دانی بە چوار تاواندا ناوە کە هەر بەو تاپڕەی ئەمڕۆ بەکاریهێناوە، ئەنجامیداون.
پەیامنێری کوردستان24 هەروەها گوتی: هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی ئەو گەنجە، برایەک و باوکی دەستگیرکراون و گومان دەکرێت خەڵکی دیکەش لەپشت ئەو رووداوەوە بن.