جۆن بۆڵتۆن: پێویسته ئیداره‌ی بایدن پشتیوانی زیاتری كورد بكات
تاكه چاره‌سه‌ر بۆ ناوچه‌كه درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه
K24 – هه‌ولێر:
جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، رایگه‌یاند، تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ناوچه‌كه درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه و پێویسته ئیداره‌ی بایدن پشتیوانی زیاتری كورد بكات و ناكرێت رێگه بدرێت ناوچه‌كه له ژێر هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت.
جۆن بۆڵتن، له میانی بهشداریكری له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "كوڤان عزه‌ت" بێژه‌ری ژووری هه‌واڵ، بۆچوونه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به ره‌وشی كورد و كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رێككه‌وتنی ناووكی 2015ی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك خسته‌ڕوو.
بایدن خۆی رێكده‌خات
جۆن بۆڵتن پێی وایه هێشتا زووه بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات و گوتی: ئێستا ئیداره‌ی بایدن خه‌ریكی خۆ رێكخستنه‌وه‌یه. پێشتر تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر ئێران ده‌كرده‌وه. به‌ڵام بایدن باسی له‌وه كردووه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناووكی.
گوتیشی: ئێران واز ناهێنێت له خراپه‌كاری و كێشه بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه درووست ده‌كات و هه‌ریه‌ك له عێراق و یه‌مه‌ن و سووریای هه‌راسانكردووه.
كورد له كوێی هاوكێشه‌كه‌یه
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا له باره‌ی كورده‌وه، بۆڵتن گوتی: نازانم كورد ده‌كه‌وێته كوێی هاوكێشه‌ی سیاسه‌تی بایدنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه روونه، كه بایدن نایه‌وێت داعش بگه‌ڕێته‌وه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه ده‌هێڵێته‌وه و درێژه به‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌دات كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون و پشتیوانی كورد ده‌كات.
هه‌ولێر و به‌غدا
جۆن بۆڵتن، ره‌خنه‌ی له به‌غدا گرت و گوتی: "من بۆچوونم وابوو کە دەبێت کوردستانی عێراق سەربەخۆ بێت و پشتیوانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشم کرد. ئێستاش پێموانیە کە حکومەتی بەغدا بتوانێت چیتر وەک حکومەتێکی نیشتمانی مامەڵە بکات.
هه‌روه‌ها گوتی: لەراستیدا ئەم حکومەتەی ئێستای بەغدا زیاتر لە حکومەتەکانی پێشوو لەژێر هەژموونی ئێراندایە. میلیشیا شیعەکانی عێراقیش وەک هێزێکی تێکدەر لەو ناوچانەی کە شیعە نین چالاکی دەکەن. بۆیە من پێموایە بۆ سەلامەتی و سەقامگیری ناوچه‌كه واباشترە كورد لە حکومەتی عێراق جیاببنەوە، دەزانم زەحمەتە بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە قسە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت و گوشاریان لێبکرێت بۆئەوەی ئیدارەی بایدن قایل بکەن کە لەبەرژەوەندی ئەمریکایە پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی لەگەڵ كورد درێژە پێبدات و لەناوچەکەش نەکشێتەوە. پێموایە جێبەجێکردنی ستراتیژیی ئیدارەی بایدن کەمێک زەحمەت دەبێت، بەڵام باوەرم وایە، کە لەبەرژهوەندی کورد دەبێت."
كورد له ناو كام هاوكێشه‌یه
بۆڵتن رای وایه، له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا گه‌وره‌ترین كێشه بۆ ئه‌مه‌ریكا چینه. دوای چین له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پێویسته هێزه عه‌ره‌بییه‌كان یه‌كبخرێن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران و بۆ سه‌لامه‌تی هه‌موو لایه‌ك له ناویاندا كورد، گرنگه ئیداره‌ی بایدن ئه‌وه بكات و به‌ر به هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه بگرێت.
"تره‌مپ كوردی نه‌ده‌ویست"
جۆن بۆڵتن، دووپاتیكرده‌وه، دۆناڵد تره‌مپ، له ماوه‌ی چوار ساڵی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌یدا كوردی نه‌ویستووه و گوتی: تره‌مپ خۆی كوردی نه‌ده‌ویست، لایه‌نگری كورد نه‌بوو، پێزانینی بۆ یه‌په‌گه و هێزی پێشمه‌رگه نه‌بوو، كه رۆڵێكی سه‌ره‌كیان هه‌بوو له تێكشكاندنی داعش.
هه‌روه‌ها گوتی: له ئیداره‌ی تره‌مپدا هه‌ندێك هه‌بوون نه‌یانده‌ویست ئه‌ردۆغان بچێته رۆژئاوای كوردستان و ئێران رۆڵی هه‌بێت، به‌ڵام نه‌یانده‌توانی هیچ بكه‌ن.
بایدن و دابه‌شكردنی عێراق
جۆن بۆڵتن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، جۆ بایدن ئه‌ندازیاری دابه‌شكردنی عێراق بوو بۆ سێ هه‌رێمی كوردیی، سوننی و شیعیی، به‌ڵام هێشتا سه‌رقاڵی رێكخستنی تیمه‌كه‌یه‌تی و ئێستا ئه‌و له قۆناغێكی راگوزه‌ردایه و ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین بزانین به نیازی چییه و ده‌یه‌وێت چی بكات.
روونیشیكرده‌وه، بایدن دانی به‌وه‌دا ناوه، كه مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق گرنگه و پێزانینی باشی هه‌یه بۆ ناوچه‌كه و ده‌زانێت كرده سه‌ربازییه‌كانی ئێران چه‌نده هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر سه‌قامگیری ئاسایش و ئارامی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و ئه‌وانه‌ی له به‌ره‌ی ئێران نین، كوردیش له به‌ره‌ی ئێران نییه، بۆیه بایدن ئه‌و راستیانه ده‌زانێت.
ئێران ناگه‌ڕێته‌وه
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پابه‌ندبوونی ئێران به رێككه‌وتنی ناووكییه‌وه، بۆڵتن رای وایه، ئێران چیدیكه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو سنووری خۆی و به‌رده‌وام ده‌بێت له "ههراسانكارییهكانی" و گوتی: ئێران هیچ كاتێك ناگه‌ڕێته‌وه بۆ سنووری خۆی و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ی گرتوویه‌تییه به‌ر.
ئه‌مه‌ریكا چی بۆ كورد كردووه
جۆن بۆڵتن نه‌یشارده‌وه، كه له 20 ساڵی رابردوودا "ئه‌مه‌ریكا زۆر كاری بۆ كورد نه‌كردووه. ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ی پێویست بووه بۆ كورد بیكات، نه‌یكردووه. كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی و پێشمه‌رگه هه‌رێمی كوردستانی پاراستووه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێران پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كات، گوایه ئه‌وان هه‌ولێریان له به‌رامبه‌ر داعش پاراستووه. ئێران به‌رده‌وام پڕوپاگه‌نده بڵاوده‌كاته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش دژی كورده و درێژه به سیاسه‌تی عوسمانییه‌كان له دژی كورد ده‌دات و پڕوپاگهندهكانیان هیچ راستییه‌كیان تێدا نییه. ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌وڵ و تێكۆشانی كورد بووه و كورد خۆی ئه‌مه‌ی كردووه".
كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
جۆن بۆڵتن باسی له‌وه‌كرد، ئیداره‌ی بایدن له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌یه له ئه‌فغانستان، به‌ڵام هێزه‌كانی له عێراق ده‌هێڵێته‌وه و كشانه‌وه له عێراق هه‌ڵه. چونكه ئێمه بینیمان دوای راگه‌یاندنی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا و پشتبه‌ردانی یه‌په‌گه و كورد چه‌ند هه‌ڵای له‌سه‌ر درووست بوو.
ئه‌و ره‌خنه‌شی له تره‌مپ گرت و گوتی: تره‌مپ كوردی نه‌ده‌ویست، زۆر باش تێنه‌ده‌گه‌یشت، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه بوو، كورد ئه‌و ده‌رفه‌ته گرنگه له ده‌ست بدات.
گوتیشی: له سووریا تره‌مپ ئامانجێكی دیاریكراوی نه‌بوو، ته‌نیا ده‌یویست نه‌وته‌كه نه‌كه‌وێته ده‌ست ئێران، رووسیا و حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د.
ئه‌وه‌شی دركاند، كه هێشتا نازانێت بۆچی تره‌مپ بڕیاری كشانه‌وه‌ی له سووریا دا، له كاتێكدا ئه‌وان له‌وه سه‌ركه‌وتووبوون نه‌وته‌كه نه‌كه‌وێته ده‌ست ئێران و دیمه‌شق و رووسیا.
له كۆتایی وته‌كانیدا، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، گوتی: ئێمه له ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، هه‌وڵی خۆمان دا، تاكه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ناوچه‌كه درووستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستانه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی جۆن بۆڵتن، كرته لێره بكه
داڕشتنه‌وه: ئ.ڕ