راوێژكارانی بایدن و ئەردۆغان باسی سووریا، لیبیا و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەكەن

ھەروەھا پرسەكانی قوبرس، ئەفغانستان و "قەرەباخ"یان باسكرد

ئالای ئەمەریكا و توركیا
ئالای ئەمەریكا و توركیا

K24 – ھەولێر:

ئیبراھیم كاڵن، راوێژكار و گوتەبێژ بەناوی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ راوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، جەیك سۆلیڤان چەند پرسێكی ناوچەییان باسكرد.

ئاژانسی "ئەنادۆڵ"ی توركیایی بڵاویكرده‌وه‌، ھەردوو لایەن پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان و رەوشی سووریا، لیبیا و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ھەروەھا پرسەكانی قوبرس، ئەفغانستان و "قەرەباخ"یان باسكرد.

ئاژانسەكە ئاماژەیكرد، ھەردوو بەرپرس "جەختیان لەسەر ھەوڵدان بۆ درووستكردنی پەیوەندیی درێژخایەن و توكمە و بونیاتنەر كردەوە لە ماوەی داھاتوودا".

روونیشیكرده‌وه‌، ھەردوو بەرپرس "ھاوڕابوون لە سەر پێویستی بەھێزكردنی پەیمانی ناتۆ و دەستكردن بە ھەنگاونان بۆ بەھێزكردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیھان و ناوچەكەدا".

سەرچاوە: ئاژانسی "ئەنادۆل"