ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا ئەندامێكی خۆی سزا دا

گرین داوایكردبوو بایدن دوورەپەرێز بكرێت و تۆمەتباری كرد بە گەندەڵی

مارگۆری تایلور گرین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا
مارگۆری تایلور گرین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، دوێنێ پێنجشەممە، دەنگی دا لە بەرژەوەندی گرتنەبەری رێوشوێنی سزادان دژ بە ئەندامێكی خۆی، بەناوی مارگۆری تایلور گرین، كە ناسراوە بە پڕوپاگه‌ندەكردن بۆ تیۆرەكانی پیلانگێڕی و داواكردنی دوورەپەرێزخستنی جۆ بایدن.

230 ئەندام دەنگیان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی سزادان دا، كە زۆرینەیان لە پارتی دیموكراتەكان بوون، بەرامبەر بە 199 بۆ لابردنی گرین لە دوو لیژنەی پەرلەمانی.

تەنھا 11 ئەندامی كۆماری دەنگیان بۆ بەرژەوەندی سزادانی گرین دا.

گرین ھەوڵیدا لە لێدوانەكانی پێشووی پاشگەز ببێتەوە، كە بووە ھۆی نانەوە مشتومڕێكی زۆر. پێش دەنگدان رایگەیاند، كەوا بڕوای بە ھێرشەكانی 11 سیپتەمبەر و رووداوەكانی دەستڕیژی گوللـە لە قوتابخانەكان ھەیە، ھەروەھا خۆی بێبەریكرد لە تیوری QAnon پیلانگێڕی، كە دەڵێت: دیموكراتەكان كۆمەڵگایەكی نھێنی و ناتەندرووستن لە رووی سێكسەوە.

پێشتر سەركردەی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكادا، میچ ماكۆنێڵ گوتی: درۆیە ناماقوڵەكان و تیۆرەكانی پیلانگێڕی بووەتە نەخۆشییەك لای حزبی كۆماری".

بەپێی تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن" پێشتر گرین لە بڵاوكراوەكانیدا لە سەر فێسبووك پشتیوانی لە بیرۆكەی لەسێدارەدانی ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی دیموكراتەكان كردبوو، ھەروەھا پشتیوانی خۆی دەربڕی بوو بۆ "رەفتاری توند".

گرین پێشتر داوایكردبوو، جۆ بایدن دوورەپەرێز بكرێت و تۆمەتباری كرد بە گەندەڵی.

بەپێی قسەكانی گرین، بایدن "دەسەڵاتی خۆی خراپ بەكارھێناوە بە رێگادان بە "ھانتەر"ی كوڕی بە راكێشانی پارە لە گەورەترین دوژمنانی ئەمەریكا، كە رووسیا و چینن.

سەرچاوە: روسیاالیوم