بایدن: سهردهمی پاشهكشێ له بهردهم رووسیا كۆتاییهات
بایدن: دوودڵ نابین لەبەرزكردنەوەی ئەو باجەی رووسیا دەیدات و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان و لە گەلمان دەكەین
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن گوتی: بە ھاوتا رووسییەكەی، "ڤلادیمێر پوتن"ی راگەیاندووە، رۆژانی پاشەكشەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بەردەم رووسیا كۆتاییان ھات.
بایدن لە گوتارێكیدا لە رۆژی پێنجشەممە، گوتی: "بەڕوونی جەختمكردەوە بۆ سەرۆك "پوتن"، بەشیوازێكی زۆر جیا لەوەی سەرۆكەكانی پێش خۆم گرتووبوویانەبەر، كەوا رۆژانی پاشەكشەكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبەردەم رەفتارە دوژمنكارییەكانی رووسیا، خۆ تێقورتاندنەكانی لە ھەڵبژاردنەكانماندا، ھێرشە سیبرانییەكانی و ژەھراویكردنی ھاووڵاتییان كۆتاییان ھات".
بایدن بەردەوام بوو و گوتی: دوودڵ نابین لەبەرزكردنەوەی ئەو باجەی رووسیا دەیدات و بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان و لە گەلهكهمان دەكەین و زۆر كارامەتر مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەكەین لە كارەكانماندا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوبەشەكانمان، كە پابەندن بە ھەمان شێوازی بیركردنەوەی ھاوشێوە و لێكچوو".
ھەروەھا بایدن جاریكی دیكە نیگەرانی واشنتنی دەربڕی لە بەرامبەر دەستگیركردنەوەی بەرھەڵستكار، ئەلیكسی ناڤالینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی رووسیاوە و دووبارە داوای ئازادكردنی كرد.
بایدن و پوتن لە 26 كانوونی دووەم یەكەم پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا دوای دەستبەكاربوونی بایدن لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ھەردوو لا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە گەیشتنی ھەردوو وڵات بە درێژكردنەوەی پەیمانی سنوورداركردنی چەكی ستراتیجی ھێرشكار، بەڵام وێڕای ئەمەش ھێشتا ململانێی ناكۆكییەكانیان لە نێوانیاندا زۆر زۆرن.