دوو تۆمەتبار لە سلێمانی شوفێرێك بێھۆش دەكەن و ئۆتۆمبێلەكەی دەبەن

ھێزەكانی پۆلیس ھەردوو تۆمەتبارەكەیان دەستگیر كردن

وێنەی دوو تۆمەتبارەكە و ئەو ئۆتۆمبێلەی بردویانە
وێنەی دوو تۆمەتبارەكە و ئەو ئۆتۆمبێلەی بردویانە

K24 - سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیس لە پارێزگای سلێمانی، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە کەسێکیان بێھۆش کردبوو دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان بردبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "پاش ئەوەی کەسێک سکاڵای تۆمار کرد، لەسەر دوو تۆمەتبار کە داوای گەیاندنی مادەیەکی خۆراکییان لێ کردووە کە بەشێوەی (دیلیڤەری) بۆیان بگەیەنێتە ناحیەی تاسڵوجە، دوای گەیاندنی مادەخۆراکییەکە، تۆمەتبارەکان ھێرشدەکەنە سەری و بە مادەیەک بێھۆشی دەکەن و ئۆتۆمبێلەکەی دەبەن. پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەرو ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاری ورد، توانرا تۆمەتبارەکان بدۆزرێنەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی پیرەمەگرون بەھاوکاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیربکرێن و ئۆتۆمبێلەکەش بدۆزرێتەوەو دوای رێکارەکان رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشكراوە: "ھەردوو تۆمەتبار (د، ع، ح) و (ش، أ، ع) بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".