سه‌در: ئه‌مەریكا هێشتا داگیركه‌ره
"بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەرایا سەلام، لە شکۆی دەوڵەت کەمناکاتەوە"

K24 - هەولێر
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مەریكا کرد، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه و رایگەیاند "ئه‌مەریكا هێشتا هه‌ر داگیركه‌ره".
دوای ئەوەی یەکەکانی سەرایا سەلام، کە سەر بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن لە چەند شەقامێکی سەرەکیی نەجەف، کەربەلا و بەغدا بڵاوبوونەوە و هێزیان نیشاندا، لەلایەن بەشێکی چالاکوانان و خەڵکی عێراق رەخنەی زۆریان لێ‌گیرا و، گوترا "ئەمە لە شکۆی دەوڵەت کەمدەکاتەوە"، بۆیە موقتەدا سەدر دوێنێ (چوارشەممە، 10ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازدا.
رێبه‌ری ره‌وتی سەدر بەشێکی گوتەکانی تایبەت کرد بە بوونی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له عێراق و گوتی "به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له سه‌رۆكایه‌تی نوێی ئه‌مریكا، بایدن... سه‌یركه‌ن ده‌ڵێم داگیركه‌ر، چونكه هێشتا داگیركه‌رن، (پێویستە) ده‌ستبه‌جێ به‌رێگه‌ی دیپلۆماسی و پەرلەمانی بكشێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".
لەکاتێکدا لە ساڵی رابردووەوە، ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووە، موقته‌دا سه‌در ئاشکرای کرد "ئاساییكردن (ـی پەیوەندییەکان) له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌به‌رده‌م ده‌رگایه، ته‌نانه‌ت گوترا، باڵیۆزی ئیسرائیلیشیان ئاماده‌كردووه. من، ته‌حه‌دایان ده‌كه‌م، ئاساییكردنه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل قه‌ده‌غه‌یه و قبوڵیشی ناكه‌ین، ده‌بێت كاریش بكرێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی و به خوێن رێگه به‌م كاره ناده‌ین".
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەرایا سەلام، سەدر گوتی "سوپاسیان دەکەم کە زۆر بەپەرۆشن بۆ وڵات و بوونی ئەوان لە شکۆی دەوڵەت کەمناکاتەوە".
هـ.ر.