تایلەند هاوسەرگیریی لە رۆژی ڤالانتاین قەدەغەکرد
رێگا نادرێت کەس لەو رۆژە هاوسەرگیریی بکات
K24- هەولێر:
حکومەتی تایلەند بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژی ڤالانتاین 14/02، هیچ مۆڵەتێکی هاوسەرگیریی بە کەس نادات.
بەشێکی زۆر لەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیریی بکەن، رۆژی ڤالانتاین بۆ بە فەرمی چوونە ناو ژیانی هاوسەرگیریی هەڵدەبژێرن، ئەمەش زۆرجار قەرەباڵغییەکی زۆر لە نووسینگەی تۆماری هاوسەرگیریی لە تایلەند دروست دەکات.
بەشی پەیوەندی گشتی سەر بە حکومەتی تایلەند، لە تویتێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەموو 50 ناوچەکانی تایلەند، لە رۆژی ڤالانتاین، پێدانی مۆڵەتی هاوسەرگیریی رادەگرن، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
کانوونی دووەمی رابردوو، ژمارەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە تایلەند زیادیان کرد، ئەمەش وایکرد، حکومەتی بانگکۆک رێکاری نوێ بگرێتەبەر.
14ـی شوبات بە رۆژی خۆشەویستی لە جیهان دەستنیشانکراوە و بۆ ئەو کەسانەی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە، رۆژێکی تایبەتە و لە رۆژەدا مەراسمی جیاواز رێک دەخەن، بەڵام کۆرۆنا کاریگەری لەسە ئەو رۆژەش دەبێت و ئەمساڵ رەنگە لە هەندێک وڵات خۆشەویستان نەتوانن سەردانی یەک بکەن.