جۆو بایدن سامانی فەرماندە سەربازییەکانی میانمار بلۆک دەکات

سزای بەسەر فەرماندە کودەتاچییەکان سەپاند

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چوارشەممە سزای بەسەر فەرماندە سەربازییەکان و ئەنجامدەرانی کودەتاکەی میانمار سەپاند و پارە و سامانی ئەوان و نزیکەکانیان لە ئەمەریکا بلۆک دەکرێت.

سوپای میانمار یەکی شوبات/فێبرایەرـی 2021 کودەتای کرد، ئۆن سا سو کی، "سیمبوولی دیموکراسیی" وڵاته‌كه‌ی دەستگیرکرد، کە وەکو سەرۆکی حکومەت سەیردەکرا، حاڵەتی لەناکاوی راگەیاند و ژمارەیەک جەنەراڵی لە پۆستە جومگەییەکانی حکومەت دانا.

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند "هەفتەی رابردوو ئەمەریکا هاوکار بوو لەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی میانمار کۆببێتەوە و راگەیێندراوێک دەربکات بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی دیموکراسی لەو وڵاتە. ئەم هەفتەیەش لەگەڵ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەین بۆ ئەوەی پابەندییەکانی جیهان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە میانمار بەهێزتر بکەین".

کودەتاکە لەکاتێکدابوو، تەنیا 10 ساڵ بوو میانمار لەژێر رژێمێکی سەربازی هاتبووە دەرەوە، کە بۆ ماوەی نیو سەدە حوکمی وڵاتی دەکرد.

هەرچەندە کودەتاکە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆری لێکەوتووەتەوە و داوا دەکرێت سەرکردە شەرعییەکانی وڵات ئازادبکرێن، بەڵام فەرماندە سەربازییەکانی میانمار کە لەدوای کودەتاکە حوکمی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتیان کەوتووەتە دەست، گوێیان بەو داواکارییانە نەداوە.

بایدن هەروەها داوای لە سوپای میانمار کرد "دەستبەجێ سەرکردە سیاسییەکان و چالاکوانان ئازاد بکات" گوتیشی "پێویستە سوپا رێز لە خواست و بژاردەی خەڵک بگرێت و دەسەڵات رادەست بکاتەوە. ئەمەریکا رێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتنی ئەنجامدەرانی کودەتاکە بە ملیارێک دۆلاری حکومەتی میانمار کە لە ئەمەریکایە. جیا لەوەش پارە و سامانی فەرماندە سەربازییەکان و کەسە نزیکەکانیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت".

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment