بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی کاڵاکانی لە رۆژئاوای کوردستان بەرزکردووەتەوە
یەک دۆلار گەیشتووەتە سێ هەزار و 450 لیرەی سووری
K24 - قامشلۆ
پارەی سووری، گەیشتووەتە ئاستێک لە بێبەهابوون بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، کە بە گیرفان هەڵناگیرێت و دەبێت بە نایلۆن بیبەن بۆ گۆڕینەوە بەرامبەر چەند سەد دۆلارێک، ئەمەش رەوشی ژیانی هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەکات.
هاووڵاتییان بەگشتی و بەتایبەتی فەرمانبەران بەهۆی نزمبوونەوەی زۆری بەهای لیرەی سووری، بە زەحمەت دەتوانن ژیانی خۆیان دابین بکەن، بەجۆرێک دەڵێن ئەگەر کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵاتەوە یارمەتییان نەدەن، ناتوانن پێداویستییەکانی رۆژانەیان دابین بکەن.
هەڤاڵ حوسێن، هاووڵاتییەکی رۆژئاوای کوردستانە، لە قامشلۆوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێ "ئەگەر خەڵک، ئەوانەی لەدەرەوەی وڵاتن هاوکاریی خێزانەکانی خۆیان نەکەن و ئەوان تەنیا ژیانیان لەسەر مووچەی دەوڵەت بێت، ئەوا خێزانەکان لە برسا دەمرن، ئەگەرنا دەبێت دزی بکەن یان بچنە دەرەوەی وڵات و خۆیان لە رێگەی دەریا بدەن و رووبەرووی مەترسیی خنکان ببنەوە".
دوای دەرکەوتنی دراوی پێنج هەزار لیرەیی، دۆلار رۆژ بە رۆژ بەرامبەر لیرەی سووری بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێک یەک دۆلار گەیشتووەتە سێ هەزار و 450 لیرەی سووری.
بازرگان و خاوەنی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو دەڵێن: ئەگەر رەوشەکە وابمێنێتەوە و بنکەی ناوەندیی شام دۆلار نەخاتە بازاڕ، دۆلار بەهای زیاتریش دەکات.
مووچەی فەرمانبەری حکومەتی سووریا بەپێی نرخی دۆلار، دەگاتە نزیکەی 19 دۆلار، مووچەی فەرمانبەرانی رێڤەبەریی خۆسەریش دەگاتە نزیکەی 60 دۆلار، ئەو بڕە پارەیەش پێویستە تاوەکو یەک مانگ بەشیان بکات، کە ئەمەش زۆر زەحمەتە.
رێڤەبەریی خۆسەر دەڵێ بەهۆی ئەوەی زۆربەی کەرەستە و پێداویستییەکان لە دەرەوە بە دۆلار دەکڕێن، ناتوانن هیچ شتێک بکات بۆ کەمکردنەوەی نرخ.
هـ.ر.