بەرهەمی گوێزی ئەمساڵی سنە دەگاتە 32 هەزار تۆن
پارێزگای سنە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی گوێز لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵیان بگاتە 32 هەزار تۆن، ئەمەش بەهۆی زیادکردنی رووبەری باخەکان، بەتایبەت لە یەکساڵدا بە رێژەی 86%ـی باخەکانی گوێز لەو پارێزگایە زیادیان کردووە.
باخەوانانی گوندی باوەرێزی سنە، دار گوێزەکانیان بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵ دەتەکێنن. پارێزگای سنە لە بەرهەمەمی گوێزدا لە پلەی دووەمی ئاستی ئێراندا دێت. بەڵام گوێزەکەی جیاوازە، دار گوێزەکانی باخەکانی سنە تەنیا دوو مەتر لە باڵای مرۆڤ بەرزترن، بەڵام بە بڕشتن و کرێکارەکانیش زۆر بە ئاسانی بێ مەترسی دەتوانن گوێزەکان بتەکێنن.
عادل لەتیفی یەکێکە لە کرێکارەکانی تەکاندنی دار گوێزەکان دەڵێت: ئێمە لە هەشتی بەیانییەوە تاوەکو پێنجی ئێوارە سەرقاڵی تەکاندنی گوێز دەبین، بەڵام ئەوەی باشە دار گوێزەکانی هێندە بەرز نین، پێویست ناکات سەر بکەین و تووشی مەترسی کەوت و دەست و قاچ شکان یان ئازار و ئەزیەت ببینەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بەرهەمەکەی زۆر باش و نایابە.
باخەوانەکان بۆ ئەوەی داهاتێکی زیاتریان دەستکەوێت، راستەوخۆ لە دوای تەکاندنەوە گوێزەکانیان نافرۆشن، بەڵکو هەر لەنێو باخەکەدا بە ئامێرێکی تایبەت توێکڵە سەوزەکەی لێ دادەماڵن و پاکیدەکەنەوە. پاش ئەم قۆناخە گوێزەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی وشک بێتەوە، دواتر توێکڵە رەقەکەش دەشکێنن و کاکڵی گوێزەکە لە پاکەت دەکەن و رەوانەی بازاڕی دەکەن.
شاهۆ کەمانگەر باخەوانێکی سنەیە دەڵێت: دوای ئەوەی کاکڵە گوێزەکان وشکبوونەوە و بەشێوەیەک جوان و رێکوپێک لە کارتۆنی دەکەین و رەوانەی بازاڕی دەکەین.
لە کاتێکدا کە رووبەری باخە گوێزەکانی پارێزگای سنە ساڵی رابردوو 11 هەزار هێکتار بوو، ئەمساڵ گەیشتووەتە 13 هەزار هێکتار. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەم پارێزگایە 32 هەزار تۆن گوێزی هەبێت ئەمە بەراوەرد بە ساڵی رابردوو 15% زیاترە.
بێهنوو مەنسووری، پسپۆڕی کشتوکاڵ و باخەوانی دەڵێت: لە پارێزگای سنە نزیکەی 13 هەزار هێکتار باخی گوێز هەیە، 90%ـی باخەکان دەکەونە سنووری شارەکانی سەوڵاوە، سنە، مەریوان، کامیاران و بانە. پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی باخەکان بگاتە 32 هەزار تۆن گوێز، بەمەش لە دوای پارێزگای هەمەدان لە ئاستی ئێران بە دووەم پارێزگا لە بەرهەمهێنانی گوێز هەژمار بکرێت.
کەشوهەوای لەبار و ئاوی سازگار و نوێگەری لە تەکنەلۆژیای ئاودێریی باخەکان وایکردووە، گوێزی پارێزگای سنە لە باشترین جۆرەکانی گوێز بێت لە ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ناوبانگەش وایکردووە، باخەوانان بایەخی زیاتر بە فراوانکردنی باخەکانیان بدەن، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سنە، ساڵی رابردوو لە رووبەری 11 هەزار دۆنم، 29 هەزار تۆن گوێز بەرهەمهێنراوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری ساڵان پێشتر لە 7426 هێکتار، بڕی 17,900 تۆن گوێز کۆکراوەتەوە، ئەو کات پارێزگای سنە لە ریزبەندی شەشەم پارێزگای ئێران بووە لە بەرهەمهێنانی گوێزدا.
ساڵی 2020 بەهۆی سەرماوە بەرهەمی گوێز لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سنە لەناوچوو، بەمەش زیانێکی زۆر بە باخەوانان کەوت، بەڵام بە گشتی، لە دوای چین و ئەمریکادا، ئێران لە ریزی سێیەمی جیهان دێت لە بەرهەمهێنانی گوێز.
بەگوێرەی تۆمارەکان ساڵی 2025، تەنیا لە حەوت مانگدا 606 تۆن گوێز هەناردەی 9 وڵات کراوە، بەمەش داهاتی هەناردەی گوێز 5 ملیۆن دۆلار بووە، لە سەرەکترین کڕیارانی گوێزی ئێران، تورکیا بە کڕینی 385 تۆن بە بەهای 3.8 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم بووە، لە پلەی دووەمیش عێراق دێت 210 تۆنی کڕیوە بەهاکەی 1.1 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر وڵاتانی کەنداو بوون.