هه‌ولێر.. رۆژی هه‌ینی له‌سێ رووداوی هاتووچۆ 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 11 كه‌سیش برینداربوون
"قوربانیانی رووداوی هاتووچۆ له هی په‌تای كۆرۆنا زیاتر بووه"
K24 - هه‌ولێر:
له سێ رووداوی جیاوازی هاتووچۆ له شاری هه‌ولێر، رۆژی هه‌ینی، 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 11 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
له رووداوی هاتووچۆی یه‌كه‌م، له‌سه‌ر رێگه‌ی كه‌سنه‌زان - هه‌ولێر، گه‌نجێك به هۆی لێخوڕینی خێرای ئۆتۆمبێل، كۆنتڕۆڵی له‌ده‌ستداوه و به هۆیه‌وه خۆی به دوو ئۆتۆمبێل و چه‌ند هاووڵاتییه‌كدا كێشاوه، به‌و هۆیه‌وه‌ش كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستداوه و 5 كه‌سیش برینداربوونه.
رائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به كوردستان24ی راگه‌یاند، به‌هۆی رووداوه‌كه شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه ده‌ستگیركراوه، چونكه هۆكاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كه بووه.
هه‌روه‌ها موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، گوته‌بێژی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر، گرته‌ی ڤیدیۆیی ساتی رووداوه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌رده‌كه‌وێت كه ئۆتۆمبێله‌كه ده‌یه‌وێت كێبڕكێ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كانی دیكه‌ی سه‌ر شهرقام بكات، به‌ڵام كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ستده‌دات.
له رووداوی دووه‌می هاتووچۆ كه له‌سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر – مه‌خموور نزیك گوندی گاوه‌ره روویداوه، كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستداوه و 6 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوونه.
له رووداوێكی جیاوازی دیكه‌ی هاتووچۆش له‌سه‌ر رێگه‌ی به‌حركه، به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێلێك، شۆفێره‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا.
به‌مجۆره‌ش له سێ رووداوی جیاوازی هاتووچۆ له شاری هه‌ولێر، رۆژی هه‌ینی 12ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021، 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 11 كه‌سیش برینداربوونه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری رابردوو، هیچ كه‌سێك به په‌تای كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵام به رووداوی هاتووچۆ له 24 كاتژمێردا، ئه‌و زیانه زۆره‌ی گیانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.