رێکخراوی تەندرووستی جیهانی داوای زانیاری زیاتر لە چین دەكات و ئەمەریكاش رەخنەی توندی لێدەگرێت

ئەمەریكا: پێویستە پكین هەموو داتاکانی پەیوەست بە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا بخاتە بەردەستی رێكخراوی تەندرووستی جیھانی

پیتەر بێن ئێمباریک، سەرۆکی تیمی زانستی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ ووهان
پیتەر بێن ئێمباریک، سەرۆکی تیمی زانستی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ ووهان

K24 – ھەولێر:

رێکخراوی تەندرووستی جیهانی داوا لە چین دەکات داتا و زانیاری زیاتر لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بخاتە بەردەست.

پیتەر بێن ئێمباریک، سەرۆکی تیمی زانستی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی بۆ ووهان رایگەیاند: ئێمە پێویستمان بە داتای زیاترە و داوامان لە حکومەتی چین کردووە زانیاری زیاتر لەبارەی چۆنیەتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بخاتە بەردەستمان.

پیتەر نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی حکومەتی چین وەک پێویست هاوکار نەبووە و هەموو داتاکانی نەخستووەتە بەردەستیان.

لە لایەكی دیكەوە، ئەمەریکا جارێکی دیکە لە رێکخراوی تەندرووستی جیهانی نیگەرانە و رایگەیاند: پێویستە پاراستنی متمانەی رێکخراوەکە کاری لەپێشینە بێت.

جەیک سوولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە راپۆرتەکەی تیمی زانستی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیگەرانە و گوتی: پاراستنی متمانەی رێکخراوەكە دەبێت کاری هەرە لەپێشینە بێت.

سولیڤان گوتیشی: پێویستە په‌كین هەموو داتاکانی پەیوەست بە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا بخاتە بەردەستی رێكخراوی تەندرووستی جیھانی.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی تیمی زانستی نێودەوڵەتی چین رەتیدەکاتەوە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ووهانەوە بڵاوبووبێتەوە و گوتی: هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە خواردنی دەریاییەوە بووە و خواردنەکانیش لەدەرەوەی چینەوە بەشێوەی بەستوو گواستراونەتەوە بۆ وڵاتەکەی.