ته‌ندروستی هه‌رێم هۆشداری له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاماره‌كانی كۆرۆنا ده‌دات

"پێشبینی دەکەین لە چەند مانگی داھاتوودا ئامارەکانی تووشبوون له‌ ھەرێمی کوردستان روو لە ھەڵکشان بکەن"

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداری شه‌پۆڵێكی دیكه‌ی كۆرۆنا ده‌دات
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداری شه‌پۆڵێكی دیكه‌ی كۆرۆنا ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی تەندروستی پێشبینی دەکات، لە چەند مانگی داھاتوو ئامارەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق بەرزببێتەوە.

وەزیری تەندروستی رایگه‌یاند، مەترسییەکی گەورەیە، کە وەکو پێویست ھاووڵاتیان خۆیان ناپارێزن و ھۆکاری سەرەکیش تێکەڵبوونی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، کە پێشبینی دەکەن، ئەم ھۆکارانە ئامارەکان بەرزبکەنەوە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، كه‌ ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی شەپۆڵێکی دیكه‌ی کۆرۆنا، کە چاوەڕوان دەکەن، لە چەند مانگی داھاتوو روو لە ھەرێمی کوردستان بکات.

سامان به‌رزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ھەرچەندە جەخت لە خۆپارێزی دەکەینەوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە چەند مانگی داھاتوودا ئامارەکانی تووشبوون له‌ ھەرێمی کوردستان روو لە ھەڵکشان بکەن.

ھەر لە چوارچێوەی ئەو ئامادەکارییانەی وەزاره‌تی تەندروستی ئه‌نجامیداون، رێکخراوی پرۆگرامی گەشەپێدان سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، كه‌ به‌ (UNDP) ناسراوه‌، تا ئێستا نزیکەی (3) ملیۆن دۆلار‌ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ تەندروستییه‌كان و دروستكردنی نەخۆشخانە له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكردووه.

ھۆشەنگ محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکانیش روونیكرده‌وه‌، لەگەڵ رێخراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌‌کان لەسەر ھێڵن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەو نەخۆشخانانە تەواو بكرێن، كه‌ تایبه‌تن به‌ وه‌رگرتنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چاودێری چڕ.

لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا، وەزاره‌تی تەندروستی ده‌ست ده‌كات به‌ هه‌ماهه‌نگی زیاتر لەگەڵ رێخراوه‌كانی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دابینکردنی کەرەستەی تەندروستی و تەواوکردنی نەخۆشخانەکان له‌ ھەولێر و بۆ چاودێری چڕ و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بۆ پارێزگاکانی دھۆک و سلێمانی و ھەڵەبجە.

د.ی