سه‌رۆكی نوێی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستنیشان كرا
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئومێد خۆشناو، ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، له لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كه، "زانا مه‌لا خالید" به سه‌رۆكی نوێی فراكسیۆنی پارتی ده‌ستنیشان كرا.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له په‌رله‌مانی كوردستان گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه له رووی ژماره‌ی كورسییهكانییهوه و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه له پرۆسه‌ی كاری په‌رله‌مانی.
پێشتر "ئومێد خۆشناو" سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه بوو، به‌ڵام به هۆی كاندیدكردنی بۆ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر و هه‌ڵبژاردنی به پارێزگاری نوێ له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێره‌وه، جێگه‌كه‌ی له په‌رله‌مان خاڵی بوو.
بڕیاره رۆژی سێشه‌ممه، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه بۆ به ره‌سمی راگه‌یاندنی ئه‌و بڕیاره.
زانا مه‌لا خالید له‌دایكبووی 1983ی شاری هه‌ولێره و ماسته‌ری له ته‌ندرووستی گشتیی هه‌یه.