عێراق و کوەیت ئاستی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی سەر سنوور بەرز دەکەنەوە
بەغدا و کوەیت هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی سەر سنوور تۆکمەتر دەکەن
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەگەڵ سەرۆکی کەرتی کاروباری ئاسایشی سنوور و پاسەوانی کەناراوەکانی کوەیت، بە ئامانجی پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئەمنییەکان، پتەوکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا کۆبوونەوە.
پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لەگەڵ موجبەل فەهد بن شەوق، سەرۆکی کەرتی کاروباری ئاسایشی سنوور و پاسەوانی کەناراوەکانی کوەیت کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامیدان بە هاریکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە ئامانجی پتەوکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوانیان کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەک ئەوەی لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، میکانیزمەکانی پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش تاوتوێ کراون، بە جۆرێک کە کارایی زیاتر ببەخشێتە پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکان و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بکات، هاوکات چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولاش خراونەتە بەر باس.
هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات کردووەتەوە، لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکان و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.