ھەسەدە 100 جیھادی عێراقی رادەستی بەغدا كردەوە
نزیكەی نیوەی ئەوانەی لە كەمپی ھۆڵدا دەژین، عێراقینە
K24 – ھەولێر:
سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی عێراقی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندووە، ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا (رۆژئاڤای كوردستان) 100 چەكداری دەستگیركراوی رێكخراوی داعشی لە ھەفتەی رابردوو رادەستی بەغدا كردووە.
ئەو بەرپرسە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی: "100 گیراوی عێراقی لە چەكدارانی سەر بە رێكخراوی داعش لە ھەسەدە وەرگرتەوە و ئەوان ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوە دانە پێش ئەوەی رادهستی دادگا بكرێن.
بەڵام بەرپرسێكی ئیدارەی خۆسەر لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی فرانس پرێس لەم بارەوە، ئەو زانیارییانەی رەتكردەوە و گوتی: "ھیچ عێراقییەك" رادەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەكراون.
ئیدارەی خۆسەر ھەندێك جار دوودڵن لە گفتوگۆكردن لە سەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە چەكدارانی داعش و خێزانەكانیان، كە لە زیندان و كەمپەكانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات دان.
لە سەرەتای ساڵی 2019 ھێزەكانی سووریای دیموكرات نزیكەی 900 عێراقیی دەستگیركراویان رادەستی بەغدا كرد، كە زۆربەیان لە میانی ھەڵاتنیان لە كاتی لەدەستدانی دوا پێگەی خەلافەتیان رایانكردبوو.
بەێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ھەر لەم مانگەدا دەرچووە، ھێشتا 1600 عێراقی لە لای ھەسەدە گیراون بە ھۆی كاركردنیان لەگەڵ رێكخراوی داعش.
حوكمی لەسێدارەدان بۆ سەدان كەسیان دەرچووە، بەڵام حوكمی ژمارەیەكی كەمیان جێبەجێكراوە، چونكە حوكمە بڕاوەكان پێویستیی بە پەسندكردنی سەرۆك كۆمارە و ھەندێك لایەنی عێراقیش لەو دواكەوتنەی پەسندكردنی حوكمەكان لە لایەن سەۆك كۆمارەوە ناڕازین.
دوو بەرپرسی باڵا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فرانس پرێسیان راگەیاند، رێككەوتنە بنەڕەتییەكە گواستنەوەی نزیكەی 500 مەدەنی عێراقیشی لە كەمپی ھۆڵ بۆ ناو خاكی عێراقی لەخۆگرتبوو.
زیاتر لە 60 ھەزار كەس لە كەمپی ھۆڵ دانە، كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە جیھادییەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش رایانكردبوو و نزیكەی نیوەی ئەوانەی لە كەمپەكەدا دەژین، عێراقینە.
ئیدارەی خۆسەر سوور بوو لە گەڕانەوەی ئەو گیراو و مەدەنیانە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، بەڵام حكومەتی بەغدا لە گەڕاندنەوەیان خاو بوو و جوڵەی زۆرھێواش بوو.
سەرچاوە: فرانس پرێس