ئەمڕۆ یەكێتی و گۆڕان بڕیار لەسەر رێككەوتنی نێوانیان دەدەن

سەركردەیەكی یەكێتی: رێككەوتنەكە دژی ھیچ لایەنێكی سیاسی نییە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە جیا بۆ بڕیاردان لەبارەی واژوو كردنی رێككەوتننامە لە نێوانیاندا كۆببنەوە.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی واژووكردنی رێككەوتننامە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە".

گوتیشی: "لە چەند مانگی رابردوودا لیژنەیەك بۆ ئەم رێككەوتنامەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پێكھێنراوە و كاریان كردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی گفتوگۆ لەسەر خاڵەكانی ئەو رێككەوتننامەیە دەكەین، ھەر یەكەمان سەرنج و تێبینی خۆمان دەخەینەڕوو".

مستەفا چاوڕەش ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ێككەوتننامەیە بۆ تەبایی و یەكڕیزی و رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردە و دژی ھیچ لایەنێكی سیاسی نییە، بۆیە پێموایە ھەموو ئەندامانی سەركردایەتی لە كۆبوونەوەكە دەنگی پێدەدەن".

لە لایەكی دیكە میدیای بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری بزوتنەوەكە كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەدرێت".

پێشتر یەكێتی و گۆڕان لیژنەی تایبەتیان لەسەر ئاستی باڵا بۆ رێككەوتنی نێوانیان پێكھێناوە، ھەفتەی رابردوو لیژنەی ھەردوولا كۆبوونەوە و بڕیارە ئەمڕۆش سەركردایەتی یەكێتی و گۆڕان بڕیاری كۆتایی لەبارەی واژووكردنی رێككەتننامەی نێوانیان بدەن.