پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆچی دوایيی د. رۆژ نووری شاوەیس
نێچیرڤان بارزانی: د. رۆژ جێگەی رێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو

K24- ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهبۆنهی كۆچی دوایی دكتۆر رۆژ نووری شاوهیس، پهیامێكی سهرهخۆشی راگهیاند و دووپاتیكردهوه، لەدەستدانی دكتۆر رۆژ زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسهكهى پرسەی هەموو گەلی كوردستانە و گوتیشی: د. رۆژ جێگەی رێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.
دهقی پهیامهكهی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهبۆنهی كۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوهیس:
بەڕێزان بنەماڵە و هاوسەنگەران و هەڤاڵانی د. ڕۆژ نووری شاوەیس
هەواڵی كۆچی دوایيی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستان د. رۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.
د. رۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەیيی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی دهدهن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، رێگەیەكی سازان و رێككەوتنی دەدۆزیەوە. لهبهر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی رێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.
وەك سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، رۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران رۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە راستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی راستەقینەی خۆی دەنواند.
كاتێك د. رۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شانازيی ئەوەم هەبوو وەك جێگری بهڕێزيان لە حكومهت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتيی پارتی، دوای كۆچی دوایيی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. رۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه جێگەی رێزێكی زۆر تایبەتن، له رۆژگارى زۆر سهخت و تهنگانهدا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی رزگاریخوازيی نیشتمانيی كوردستان دا.
د. رۆژ نووری شاوەیس كە لەدایك و باوكییەوە رۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و رۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجييهتيی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسهكهى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. رۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.
خوای مهزن گيانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و ههموو گەلی كوردستان ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/2/15
H.B