عەبدولقادر بازرگان: پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە

عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان

سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و چاکسازیی کارگێڕی دەکات، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخەنە پێش هەموو شتێک و ناکۆکییەکان تەنیا لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، نەک بە لاوازکردنی دامەزراوەکان و پەکخستنی پڕۆسەی حوکمڕانی.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاستەنگدا بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیکردنی حکوومەتی لە ئەستۆ گرتووە و ئەو هەوڵانەی لە بواری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، چاکسازیی کارگێڕی و پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان داویەتی، جێگەی گرنگیدان و هەڵسەنگاندنی سیاسیی پارتەکەیانن.

بازرگان هەڵوێستی فەرمیی پارتەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا، پارتی چاکسازیی تورکمان پێی وایە خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری لە سەرکردایەتیدا دەبێت لە رێگەی پابەندبوون بە دەستوور، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، رێزگرتن لە فرەچەشنیی کۆمەڵگە و دابینکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانەوە رەنگ بداتەوە. 

جەختیشی کردەوە، جیاوازییە سیاسییەکان دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ، لێکتێگەیشتن و رێکارە دەستووری و یاساییەکانەوە چارەسەر بکرێن، نەک بە شێوازێک ببێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان یان پەکخستنی پڕۆسەی حوکمڕانی.

سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا گوتی، "ئێمە لە پارتی چاکسازیی تورکمان بە پێویستی دەزانین هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانیان لە پێش هەژموون و بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن، چونکە پاراستنی ئارامی، ئاسایش و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە".

 گوتیشی، "لە باوەڕی ئێمەدا، سەرکردایەتیی بەهێز بە بەرپرسیارێتی، خۆڕاگری و پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان دەناسرێتەوە، سەرکەوتنی راستەقینەش بە بەهێزبوونی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان پێوانە دەکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار دانیشتنی خۆی ئەنجام دا و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد، کە پێکهاتبوون لە ڤالا فەرید وەک سەرۆکی پەرلەمان، رامین نووری عەودی وەک جێگری سەرۆک و مونا نەبی قەهوەچی (ئەندامی پارتی چاکسازیی تورکمان) وەک سکرتێری پەرلەمان. ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی و سکاڵای بەشێک لەو لایەنانەی لێکەوتەوە کە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوون.