گومرگ و رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێدی دیاری کرا

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی، گومرگ و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو دەرکرد و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە گوێرەی ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بە دەستی کوردستان24 گەیشتووە، رێژەی وەرگرتنی گومرگ لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەمشێوەیە دەبێت؛ لە رێنمایی ژمارە 14ـی ساڵی 2026 و بە نووسراوی ژمارە(26271/ ك) کە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، هەمواری دووەمی رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ژمارە 14ـی ساڵی 2025 کراوە، ئەویش پاڵپشت بە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە رێکەوتی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026.

لە ماددەی یەکەمی هەموارەکەدا، خاڵی11 لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 7ـی رێنمایی ژمارە14ـی ساڵی 2025 هەڵوەشێنراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەواو کارەبایین، واتا هیچ جۆرە بزوێنەرێکیان نییە کە بە سووتەمەنی وەک بەنزین، گاز، گازوائیل، هایدرۆجین یان هەر جۆرە سووتەمەنییەکی دیکە کاربکات، بە رێژەی 15% گومرگیان لێ وەردەگیرێت و تەنیا لە رسوماتی تابلۆ و ژینگە بەخشراون.

هەر بە گوێرەی هەموارەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنی کاردەکەن و بزوێنەرێکی سووتەمەنییان تێدایە، بەڵام بزوێنەرەکە رۆڵی نییە لە جوڵاندنی ئۆتۆمبێلەکە و تەنیا بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 15% گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام بە رسوماتی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت رسوماتی تایبەت بە تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.

سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی هایبرێد و میڵدهایبرێد کە بزوێنەریان هەیە و بە سووتەمەنی کاردەکەن لەگەڵ بوونی پاتری کارەبایی، لە نووسراوەکەدا روونکراوەتەوە کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەگوێرەی پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت رسوماتیان لێ وەردەگیرێت. لە ماددەی دووەمیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم رێنماییە لە رێکەوتی 1/1/2027 جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.