شاندێکی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی پۆلیسی جیهانی لە دوبەی بەشدارە

پرۆسەی چاکسازیی هێزەکانی ناوخۆ، کە بەشێکی سەرەکیی بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی ئەم پرۆسەیە دروستکردنی توانایەکی دامەزراوەییە کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا کار بکات و خزمەتگوزارییەکی باشتر بە هاووڵاتیان پێشکەش بکات.

لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیە و بۆ پەرەپێدانی ئەزموون و هاوکارییە ئەمنییەکان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی چوارەم بە فەرمی بەشداری لە لووتکەی پۆلیسی جیهانی لە ئیمارەتی دوبەی کرد.

میرانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ماوەی ئەم بەشدارییەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ناوەندە تایبەتمەندەکان ئەنجام داوە، کە بابەتەکانی پەرەپێدانی تواناکانی پۆلیس، بەرەنگاربوونەوەی تاوان، چاکسازیی دامەزراوەی پۆلیس، بەئەلیکترۆنی‌کردنی خزمەتگوزارییەکان، ڕێکخستنی هاتووچۆ و پەرەپێدانی بەڵگەی تاوانیان گرتووەتەوە.

هەروەها روونی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی دوبەی هەیە، کە لە چوارچێوەی ئەو یاداشتەدا، لە بوارەکانی پاراستنی هاووڵاتیان و پەرەپێدانی تواناکانی پۆلیس و ئەفسەران، هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەردوو لا هەیە.

لووتکەی پۆلیسی جیهانی ساڵانە سەرکردەکانی پۆلیس، بەرپرسانی ئەمنی و بڕیاردەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆی وڵاتانی جیهان کۆدەکاتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئالنگارییە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان و تۆڕە تاوانکارییەکان.

پڕۆسەی چاکسازیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی ستراتیژییە بۆ ساڵانی 2026-2030 و حەوت ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، بە مەبەستی نوێکردنەوەی دامەزراوەکە، گۆڕانی دیجیتاڵی، پەرەپێدانی سەرکردایەتی، پاراستنی مافی مرۆڤ و بنیاتنانی متمانەی گشتی لەسەر بنەمای هاوکێشەی (هێز + رێز = متمانە).

پڕۆژەکە بە خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت؛ ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن هەماهەنگیی ستراتیژی دەکات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان ئەرکی جێبەجێکردنی مەیدانییان لە ئەستۆدایە، هاوکات دەستەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا و بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) پشتیوانیی راوێژکاری و تەکنیکی دابین دەکەن.