ستیڤن وارن: داعش باری نائاسایی لە رەققە راگەیاندووە
"ھەر كەسێك لە فەلوجە بێتەدەرەوە داعش بە قەناس دەیكوژێت"
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، رێکخراوی داعش باری نائاسایی لە پارێزگای رەققە راگەیاندووە و لە فەلوجەش ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە شارەكە بێنەدەرەوە بە قەناس دەیانكوژێت.
ستیڤن وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " داعش باری نائاسایی لە رەققە راگەیاندووە، ئەمەش وەك ئامادەبوون بۆ هەر هێرشێکی لە ناکاوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سەر رەققە كە بە پایتەختی داعش لە سووریا ناساندویانە".
وارن روونیکردەوە: "داعش هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکات، بەهۆی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پاڵپشتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کە بەدرێژایی سنووری رۆژهەڵات و رۆژئاوای رەققە پێشڕەوی دەکەن".
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا گوتەبێژی هێزی هاوپەیمانان دژی داعش ئەوەی خستەڕوو: "بۆ رێگری کردن لە چوونە دەرەوەی هاوڵاتیان لە فەلوجە، چەکدارانی داعش قەناس بەکاردەهێنن بۆ کوشتنی ئەوانەی دەیانەوێت لە شارەکە رابکەن، چەند جارێك دەروازە بۆ هاتنە دەرەوەی هاوڵاتیان لە فەلوجە كراوەتەوە، بەڵام لە كاتی ھاتنەدەرەوەیان بە قەناس دەكوژرێن".
فەلوجە یەکەمین شاری عێراقە کە داعش توانی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکات و ماوەی دوو ساڵە نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.