كونسوڵخانه و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان هاوخه‌می خۆیان به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوه‌یس ده‌رده‌بڕن
"پرسە و تازیەباری وسەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادەی کۆچکردوو و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوڕێ و ھەڤاڵانی لە حزب و حکومەت رادەگەیەنین"

K24- هه‌ولێر
به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوه‌یس، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد، كونسوڵخانه و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان هاوخه‌می خۆیان راگه‌یاند و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ریه‌ك له كونسوڵخانه‌ی گشتیی به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئه‌مه‌ریكا و ئۆفیسی باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له هه‌ولێر، په‌یامی سه‌ره‌خۆشییان راگه‌یاند.
له‌وباره‌یه‌وه كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا له په‌یامه‌كه‌یدا به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د. رۆژ دووپاتیكرده‌وه، "ئێمە لە کونسوڵگەری گشتی بەریتانیا خەمبارین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دووایی د. رۆژ نووری شاوەیس، کە ئەمڕۆ دوشەممە 15-2-2021 بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەنەوە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دواییکرد. د. رۆژ سیاسەتدامەر و دیپلۆماتکارێکی بە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بوو، لە کاری رێکخراوەیی و حکومی‌دا جێ پەنجەی دیار و بەرچاوە، سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆك وەزیران و پاشان سەرۆك وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆك وەزیرانی حکومەتی فیدرالی عێراق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. پرسە و تازیەباری وسەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادەی کۆچکردوو و پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوڕێ و ھەڤاڵانی لە حزب و حکومەت رادەگەیەنین".

هه‌ر به‌وبۆنه‌یه‌وه كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیاش له هه‌ولێر له په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده، كه‌سوكار و ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه، "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناوداری عێڕاق و هەرێمی کوردستان‌مان پێ گەیشت. بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و هاوخه‌می خۆمان بە خانەوادە و هەڤاڵان و تەواوی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین".

هاوكات كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی راگه‌یاند و تێیدا هاتووه: "كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر سه‌ره‌خۆشی خۆی پێشكه‌ش به خانه‌واده و دۆستانی د. رۆژ نووری شاوه‌یس ده‌كات، كه رۆڵێكی سه‌ره‌كی له به‌ره‌وپێشبردنی دامه‌زراوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقدا گێڕاوه و، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له مێژووی نویدا خزمه‌تێكی زۆری كردووه".

هه‌روه‌ها ئۆفیسی باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له هه‌ولێر له پرسه‌نامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوه‌یس، هاوخه‌می خۆی راگه‌یاند و له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "زۆر خه‌مبارین به بیستنی هه‌واڵی كۆچی دوایی رۆژ شاوه‌یس، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی پێشووتری په‌رله‌مانی كوردستان"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "د. رۆژ رۆڵێكی گرنگی له سیاسه‌ت و حكومه‌تدا گێڕاوه".

H.B