توركیا ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكەی ھەولێر دەكات
وەزارەتی دەرەوەی توركیا: ھاوخەمی خەڵكی ھەولێر و ھاوپەیمانانین

K24 – ھەولێر
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئیدانەی ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر دەكات و ھاوخەمی خۆشیان بۆ خەڵكی ھەولێر و ھاوپەیمانان راگەیاند.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا ھاتووە "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییەكەی سەر هەولێر دەكەین، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنیی کراوەتە ئامانج".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا راشیگەیاندووە "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خەڵکی هەولێر و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رادەگەیەنین".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێنرێتەوە و رێگری لە گرووپە تیرۆریستییەكان بكرێت و رێزی لە سەروەری وڵاتان و دامەزراوە نیشتمانییەكان بگیریت.