تەقەكەرێك لە ھەولێر دەستگیر كرا
كێشەی بۆ ماڵەكەی خۆیان و ھاووڵاتییان دروستكردووە
K24 – ھەولێر
ھێزەكانی پۆلیس لە ھەولێر تەقەكەرێكیان لە كۆمەڵگای مەلائۆمەر دەستگیر كرد، كە كێشەی بۆ ماڵەكەی خۆیان و ھاووڵاتییان دروستكردووە و ئەو تۆمەتبارە پێشتر داواکرابوو، ماددەی هۆشبەریشی بەکار هێنابوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "بەشی پۆلیسی دەشتی هەولێر، بنکەی پۆلیسی شاوێس، دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کەوا لە کۆمەڵگای مەلائۆمەر تۆمەتبارێک بە ناوی (ع.چ.ع) تەمەن 22 ساڵ، بەردەوام تەقە دەکات و کێشە بۆ ماڵەوە و هاووڵاتییان دروست دەکات، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن".
ئاماژە بەوەشكراوە: "تۆمەتباری ناوبراو، کە پێشتریش داواکرابوو و ماددەی هۆشبەریشی بەکار هێنابوو، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەکانی (7)ی توندوتیژیی خێزانی و (21)ی چەک و (14)ی هۆشبەرەکان، بەند کرا. لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا، دەست گیرا بەسەر چەکێکی جۆری کلاشینکۆف و دەمانچەیەک و ژمارەیەک فیشەکدا".