ئوردن: ئامانجی په‌لاماره ترسنۆكانه‌كه‌ی هه‌ولێر تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه
"په‌لاماری له‌و جۆره پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تییه"

K24-هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئورده‌ن، ئیدانه‌ی په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانج له‌وه كرده‌وه تیرۆریستییه تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یه و پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌ماكانی مرۆڤایه‌تییه.
ئاژانسی هه‌واڵی پێترای ئوردنی، له زاری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته بڵاویكردووه‌ته‌وه، شانشینی ئوردن به هه‌موو شێوه‌یه‌ك توندوتیژی و توندڕه‌وی و تیرۆر ره‌تده‌كاته‌وه كه هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌بێ جیاوازی كردووه‌ته ئامانج.
به گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه، گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانیان كردووه و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ بریندارانی په‌لاماره‌كه خواستووه.
شه‌وی رابردوو، نزیكه‌ی 9 مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران و به هۆیه‌وه، 9 كه‌س برینداربوون و كه‌سێكیش كه به گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كاری كردووه، گیانی له‌ده‌ستدا.