راگەیاندراوێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

"داوا  لە حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به‌تایبه‌ت ئەمەریكا دەكەین، وێڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەسزا بگەیەندرێت"

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – ھەولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێر، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و په‌لاماره‌، داوای له‌ حكومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا كرد، هه‌رچی زووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشه‌ بكه‌ن و لایه‌نی هێرشبه‌ر به‌ سزای یاسایی خۆی بگه‌یه‌نن.

دەقی راگەیاندراوەكەی گوتەبێژی پارتی:

گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شه‌عبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی 15 لەسەر 16ـی شوباتی 2021، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناو شاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستییە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەسەرووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە، بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.

شاراوە نییە و بەڕوونی دەزانین عەقڵییەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبووڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!..

هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.

سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم، وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵایین بووین، لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی شوباتی 2021