یەحیا رەسوول: لیژنە هاوبەشەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر دەستبەکاربوو

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: ئێمە چاودێری راگەیاندن و ھەواڵگری و ئاسایش و شرۆڤەکانیش دەکەین، ھەروەھا چاودێری ھونەریشمان ھەیە بە ئامێری تایبەت.

K24 - بەغدا

ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر، لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی کاردانەوەی توندی بە دوای خۆیدا ھێناوە، بەجۆرێک راستەوخۆ دوای هێرشەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی ھاوبەشی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێنا، تاوەکو لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە و بەئامانجکردنی ھەولێر.

لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی مستەفا کازمی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە کوردستان 24ـی راگەیاند: لیژنەکە دەستبەکاربووە و لە نزیکترین کاتدا ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانیان ئاشکرا دەکرێت.

لیوا یەحیا رەسوول گوتی "ئەمە فەرمانی بەڕێز فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراقە، بێگومان بە ھەماھەنگیی سەربازی لە نێوان فەرماندەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لیژنەکە دروست بووە، تاوەکو بگەینە ئەنجامی باش لە لێکۆڵێنەوەی رووداوی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر ھەولێر، چونکە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و، گەلی کوردستانیش بەشێکن لە ئێمە، ھەر ئازارێک بەوان بگات، بە ئێمەش دەگات، بۆیە چاوەڕوانین لیژنەکە بگەنە ئەنجام و ئەنجامەکانیش بگەیەنن بە فەرماندەکان".

گرووپی "سرايا أولياء الدم"، کە گرووپێکی تازەن و پێشتر نەناسراو بوون، لە بەیاننامەیەکدا ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێریان لە ئەستۆ گرتووە. لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەو گرووپە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە لە سۆشیاڵ میدیا.

لیوا تەحسین جەخت دەکاتەوە لەوەی "ھەر گرووپێک لێرە و لەوێ (بەرپرسیارییەتیی هێرشە مووشەکییەکە) بگرێتە ئەستۆ، ئێمە بەدوای بەڵگەکانیاندا دەگەڕێین، ئەم گرووپەش خراوەتە ژێرچاودێری و چەند گرووپێکی تریش بە ھەمان شێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەو ھێرشە و چەند کردەوەیەکی تر کردووە، بۆیە ئێمە چاودێری راگەیاندن و ھەواڵگری و ئاسایش و شرۆڤەکانیش دەکەین، ھەروەھا چاودێری ھونەریشمان ھەیە بە ئامێری تایبەت، ھەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە تاوەکو بگەینە ئەنجامی باش".

لە دانیشتنی ئاسایی ھەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێری کرد و، بە کردەوەیەکی تیرۆرستی وەسفی کرد، ھاوکات رایگەیاند "ئامانج لەو ھێرشانەی سەر شاری ھەولێر، تێکدانی سەقامگیری و کردەوەی تێکدەرانە و تێکەڵکردنی دۆسیە جیاوازەکان بووە".