ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری نوێی هەولێر سوێندی یاسایی دەخوات

یەکەم کاری وەک پارێزگار ئاشکرا دەکات

ئومێد خۆشناو
ئومێد خۆشناو

K24- هەولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەڵبژێردراوی هەولێر، بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ئەمڕۆ 18ـی شوبات، مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ بوون بە پارێزگار دەردەچێت.

راشیگەیاند، لەبەردەم سەرۆکی هەرێم و وەزیری ناوخۆ، سوێندی یاسایی دەخوات و بە شێوەیەکی یاسایی دەبێتە پارێزگاری هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمان کارنامەی د. سۆفی بە هەندێک گۆڕانکارییەوە جێبەجێ دەکات و هەوڵی خزمەتی زیاتر دەدات.

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو: "یەکەم کار کە بیکەم سەردانی ماڵی شەهید مامۆستا ئیبراهیم کە لە دەستپێکی دەوامی قوتابخانەکان لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شەقڵاوە شەهید بوو".

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، دواتر ئومێد خۆشناو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ بوون بە پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا.